سەرۆک بارزانی: نابێ وڵاتانی دەوروبەرمان ترسیان لە ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان هەبێت

هەولێر-KDP.info- (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە نابێ وڵاتانی دەوروبەرمان ترسیان لە ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان هەبێت چونکە بە درێژایی ٢٦ساڵی ڕابردوو هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی کە هۆکاری سەقامگیرییە لەناوچەکەدا و دوای ڕیفراندۆمیش پەیوەندیی ئابووری و سیاسییمان لەگەڵیان بەهێزتر دەبێت.
(سەرۆک بارزانی) ڕۆژی پێنجشەممە ٣ـی٨ـی٢٠١٧ لە سەلاحەددین دیدارێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرنووسەرانی چەند ڕۆژنامەیەکی کوێتی ئەنجام دا.
لە دیدارەكەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە درێژی باسی ئەو هۆکارانەی کرد کە بوونەتە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدات و لەوبارەیەوە ئاماژەی بە دوو قۆناخ لە مێژووی پەیوەندیی گەلی کوردستان و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق. قۆناغى یه‌كه‌میان له ١٩٢٠ تا ٢٠٠٣ و قۆناغى دووه‌میش له ٢٠٠٣ـوە تا ئه‌مڕۆ. لەو بارەیەوە سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند:
له هه‌ردوو قۆناخه‌كه‌دا بڕیار بوو ئێمه هاوبه‌ش بین، به‌ڵام پشكى ئێمه له‌و هاوبه‌شییه‌دا ئه‌وه بوو، كه ٤٥٠٠ گوندى ئێمه‌یان وێران كرد، ١٨٢ هه‌زار كه‌سى ئێمه‌یان ئه‌نفال كرد كه زۆربه‌یان ژن و منداڵ بوون، كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه تا زاخۆ، ١٢ هه‌زار گه‌نجى فه‌یلى له تەمەنی ١٨ تا ٣٠ ساڵى و هه‌شت هه‌زار بارزانى، له هه‌ردوو قۆناغدا ئێمه وه‌ك خه‌ڵكى كوردستان، بەڵام سەرەڕای ئەو هه‌موو كاره‌ساته، ئێمه ئاماده‌بووین بچینه‌وه به‌غدا و لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ هه‌ڵده‌ینه‌وه و به‌یه‌كه‌وه به برایه‌تى و دیمو‌كراتى بژین، بەڵام ئەوان ئێمەیان وەک هاوبەش قبووڵ نەبوو.
(سەرۆک بارزانی) ئاماژەی بە قۆناخی دوای ٢٠٠٣ کرد و گوتی: لە قۆناغى دووه‌میشدا ئێمه وه‌ك خه‌ڵكى كوردستان رۆڵێكى سه‌ره‌كیمان له داڕشتن و پەسندکردنی ده‌ستوورى نوێ‌دا بینى، به‌ڵام ئەوان دەستووریان پێشێل کرد و دواتریش بە نانبڕینی خەڵکی کوردستان تاوانێکی گەوەرەیان ئەنجام دا، کەچی ئێستا دێن باسی دەستوور دەکەن و دەڵێن ڕیفراندۆمی کوردستان پێچەوانەی دەستوورە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەو دەستوورەی ئەوان پێشێلیان کرد، هەر ئەو دەستوورە ڕێگەی بە خەڵکی کوردستان داوە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات.
(سەرۆک بارزانی) ڕاشیگەیاند: هیچ گەلێک ناگاتە ئامانجەکانی ئەگەر خۆی داوای نەکات، ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش بڕیاری گەلی کوردستانە و گەل لە سەرووی حزبەکانەوەیە و لە ژێر هیچ گوشارێکیشدا دەستبەرداری ئەو مافەی خۆی نابێت و لەو بڕیارە پاشەکشێ ناکات.
(سەرۆک بارزانی) جەختیشی کردەوە کە ئەزموونی ڕابردوومان سەلماندوویەتی کە حکوومەتەکانی عێراق گەلی کوردستانیان وەک هاوبەش قبوڵ نییە و گەلی کوردستانیش ژێردەستەیی و پاشکۆیەتی قبوڵ نییە. ئێستا کە شەراکەتی ڕاستەقینە دروست نەکرا، با ببینە دوو دراوسێی باش و ڕێگە لە دروستبوونی کێشەی گەورەتر بگرین. لەوبارەیەوە (سەرۆک بارزانی) تەئکیدی کردەوە کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم مەترسی و کێشە نییە، بەڵکوو مانەوەی ئەم دۆخە مایەی مەترسییە و ڕیفراندۆمیش بۆ پاراستنی گەلەکەمانە لە دووبارەبوونەوەی کارەسات و نەهامەتی لە داهاتوودا.
سەبارەت بە نیگەرانیی هەندێ لە دەوڵەتانی ناوچەکەیش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نابێ وڵاتانی دەوروبەرمان ترسیان لە ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان هەبێت چونکە بە درێژایی ٢٦ساڵی ڕابردوو هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی کە هۆکاری سەقامگیرییە لەناوچەکەدا و دوای ڕیفراندۆمیش پەیوەندیی ئابووری و سیاسییمان لەگەڵیان بەهێزتر دەبێت.




