٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: ڕیفراندۆم بڕیارێكە جێبەجێ دەكرێ و پاشگەزبوونەوە لێی نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پێشوازی باڵیۆزی نەورویج لە عێراق، دووپاتكردەوە كە پێویستە جیهان ئاگاداری ویست و ئیرادەی گەلی كوردستان بێت. بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیارێكە جێبەجێ دەكرێ و پاشگەزبوونەوە لێی نییە. ئەوە مافێكی سرووشتی و ئاسایی گەلەكەمانە و تەنیا گەلی كوردستانیش بڕیار دەدات كە چ كاتێك گونجاوە بۆ ڕیفراندۆم نەك خەڵكی تر.

ڕۆژی پێنجشەممە 3ـی 8ـی 2017 لە سەلاحەددین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو (سیسێڵ برێی) باڵیۆزی نەرویج لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی نەورویج لە عێراق كە بە بۆنەی كۆتایهاتنی بە ئەركەكانی سەردانی (سەرۆك بارزانی) كردبوو، سوپاسی گەلی كوردستانی كرد كە بە سینگفراوانییەوە میوانداریی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماوی كردووە و ئەوەیشی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی پێگەیەكی تایبەتی هەیە و وڵاتەكەی خوازیاری گەشەپێدانی پەیوەندییەكانە لە كاروباری مرۆیی و ئابووری. لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا باسی لە نیگەرانییەكانی وڵاتەكەی كرد لەبارەی قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ و تەحەدیاتی ئەو قۆناغە. پەیوەست بە بڕیاری ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان باڵیۆزی نەورویج لە عێراق ئەوەی خستەڕوو كە نەرویج بە تەواوەتی لە داواكاری و مێژوو و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان دەگات و هیوایشی خواست كە بە دیالۆگ لە نێوان هەولێر و بەغدا سەقامگیری بێتە ئاراوە و پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە بە تایبەت لە بواری هاوكاریی مرۆیی.

لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نەورویج لە عێراق خواست بۆ ئەرك و كارەكانی و سوپاسی هاوكارییەكانی وڵاتی نەرویجی كرد و ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ نەرویج ڕاگەیاند.

لە درێژەی وتەكانیدا (سەرۆك بارزانی) ڕۆشنایی خستە سەر شەڕی داعش و قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ و ڕایگەیاند ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی گەشەی داعش هێشتا ماون، بۆیە مەترسیی سەرهەڵدانی دیاردەی هاوشێوەی داعش لە ئارا دایە و ئەوەیشی خستەڕوو كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی نیازپاكانەی هەمەلایەنە پێویستە و لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە شەڕی هزری و ئابووریی و كۆمەڵایەتیی تیرۆریش بكرێت.
لەبارەی ڕیفراندۆم و مافەكانی گەلی كوردستان (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند كە یەكگرتنی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق ئارزوومەندانە بووە ئەویش بە مەرجی جێبەجێكردنی شەراكەت و بنەماكانی دەستوور و سەرباری ئەوەی گەلی كوردستان جینۆساید كرا و نەهامەتی بەسەردا سەپێندرا، لە قۆناغی دوای 2003 شەراكەت و تەوافوق و دەستوور پێشێل كرا و بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی شكستخواردووی ڕابردوو گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆمی داوە. هەروەها ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە پێویستە جیهان ئاگاداری ویست و ئیرادەی گەلی كوردستان بێت. بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیارێكە جێبەجێ دەكرێ و پاشگەزبوونەوە لێی نییە. ئەوە مافێكی سرووشتی و ئاسایی گەلەكەمانە و تەنیا گەلی كوردستانیش بڕیار دەدات كە چ كاتێك گونجاوە بۆ ڕیفراندۆم نەك خەڵكی تر.

هەواڵی پەیوەندیدار