٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

ڕابیتەی ئیسلامیی جیهانی؛ زۆر چاك لە ڕەوایەتیی داواكارییەكانی گەلی كوردستان دەگەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای ڕابیتەی ئیسلامیی جیهانی کرد و لە دیدارەکەدا شاندی میوان رایانگەیاند، كە زۆر چاك لە ڕەوایەتیی داواكارییەكانی گەلی كوردستان و ئەو نەهامەتیانە دەگەن كە بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە و هیوای ئەوەیان خواست كە لەژێر سەركردایەتیی و حیكمەتی (سەرۆك بارزانی) گەلی كوردستان بگاتە كەناری ئارام و سەقامگیری.

ڕۆژی چوارشەممە 2ـی 8ـی 2017 لە سەلاحەددین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای ڕابیتەی ئیسلامیی جیهانی كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان ستاییشی فەرهەنگی پێكەوەژیان و پاراستنی پێكهاتەكان و فرەیی ئایینی و فكریی كوردستانیان كرد. ئەوەیشیان ڕاگەیاند كە زۆر چاك لە ڕەوایەتیی داواكارییەكانی گەلی كوردستان و ئەو نەهامەتیانە دەگەن كە بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە و هیوای ئەوەیان خواست كە لەژێر سەركردایەتیی و حیكمەتی (سەرۆك بارزانی) گەلی كوردستان بگاتە كەناری ئارام و سەقامگیری.

شاندی میوان سوپاس و پێزانینیان بۆ گەلی كوردستان هەبوو كە میوانداریی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماویان كردووە و لە شەڕی داعش و خەباتی دژی ستەمكاران قوربانی زۆری داوە و كۆڵی نەداوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) لە گوتەیەكدا باسی مێژووی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق كرد و ئەو هۆكارانەی شی كردەوە كە هانی گەلی كوردستانی داوە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت و ڕایشیگەیاند گەلی كوردستان هەموو ڕێگەیەكی بۆ ژیان و شەراكەت لەگەڵ عێراق تاقی كردووەتەوە و حكوومەتەكانی عێراق لە تێكدانی شەراكەت و لەو بارودۆخە بەرپرسیارن كە بەسەر پێكهاتەكانی عێراقدا هاتووە. لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆر و هزری تاییفەگەری لەسەر سەقامگیری و پێكەوەژیان ئاڵوگۆڕ كرا. جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو كۆبوونەوەیەدا مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا وەیسی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلامیی كوردستان ئامادە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار