كونسووڵی بەریتانیا ستایشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە خەباتی گەلی كوردستان بۆ گەییشتن بە ئازادی

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كونسووڵی بەریتانیا لە هەولێر ستایشی ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) كرد لە خەباتی گەلی كوردستان بۆ گەییشتن بە ئازادی.
ڕۆژی یەكشەممە 2ـی 7ـی 2017 لە سەلاحەددین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە مارتین وار كونسوڵی تازەی بریتانیا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا کونسووڵی تازەی بەریتانیا لە هەولێر ستایشی ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) كرد لە خەباتی گەلی كوردستان بۆ گەییشتن بە ئازادی و هەروەها ئاماژەیشی بە وتارەكەی (سەرۆك بارزانی) لە ڕۆژنامەی واشینگتۆنپۆست كرد لەبارەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی گەلی كوردستان و ئەوەیشی خستەڕوو كە لە ئەرك و كاری تازەی دا هەوڵی تەواو دەدات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستان.
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و قۆناغی دوای داعش تاوتوێ كرا و ڕۆشنایی خرایە سەر بڕیاری ڕیفراندۆمی كوردستان لە بیستوپێنجی مانگی ئەیلوولی 2017 و هەروەها باس لە مێژووی هاوبەشی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتییانە كرا كە لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراوە.




