٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی بۆ كەسایەتی و ئاكادیمی و سەرۆكهۆزە عەرەبەكانی نەینەوا و مەخموور: بە ئازادییەکی تەواو لە ریفراندۆمدا بەشدار بن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) لە کۆبوونەوەی لەگەڵ كەسایەتی كۆمەڵایەتی و ئاكادیمی و سەرۆكهۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا و مەخموور، داوای لێکردن کە بە ئازادییەكی تەواو لە ڕیفراندۆمدا بەشدار بن و خەڵكی ناوچەكە چ بڕیارێك لە چارەنووسی خۆی دەدات ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكرێ و هیچ سیغەیەك بەسەریاندا ناسەپێندرێت.

ڕۆژی چوارشەممە 21ـی 6ـی 2017 لە شاری هەولێر (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی شیكردنەوەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و بارودۆخی شاری مووسڵ و ڕیفراندۆم و گوزەرانی ئاوارەكان و ئاگاداربوون لە كێشە و گرفتەكانیان لەگەڵ كەسایەتی كۆمەڵایەتی و ئاكادیمی و سەرۆكهۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا و مەخموور كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) لە وتەیەكدا ئاماژەی بە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی پارێزگای نەینەوا و تێكشكانی سەربازیی تیرۆریستانی داعش دا و جەختی لەوە كردەوە كە ئەگەر هۆكارەكانی دەركەوتنی داعش چارەسەر نەكرێت هەڕەشەی دەركەوتنەوەی داعش بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت و پێویستە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكان نەكرێ بەڵكۆ هۆكارەكان چارەسەر بكرێن. (سەرۆك بارزانی) هێمایشی بەوەدا كە چارەنووسی هەموو لایەكمان هاوبەشە و یارمەتیدانی ئاوارەكانیشی بە ئەركێكی مرۆڤی و برایانە لە قەڵەم دا.

لە بەشێكی تری وتەكانیدا (سەرۆك بارزانی) ڕۆشنایی خستەسەر بڕیاری ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان كە لەسەر بنەمای ئەزموونێكی تاڵ لەگەڵ دەوڵەتی عێراق دراوە و بە دوورودرێژی باسی ئەو نەهامەتی و كارەساتانەی كرد كە لە سەدەی ڕابردوو لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە و مەرجی شەراكەت لەگەڵ گەلی كورد لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق پێشێل كراوە.

(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس كرد و باسی لە بەشداریی كارای كوردستان كرد لە دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی عێراق و نووسینەوەی دەستوور بەڵام بە شێوەیەكی نا یاسایی و نادەستووری وەك سزادانی هەرێم نانی خەڵكی كوردستان بڕدرا و هەر لەوە ڕۆژەی بڕیاریان لە بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان دا هەر ئەوانەیش بڕیاریان لە دابەشكردنی عێراق دا.
(سەرۆك بارزانی) مانەوەی بارودۆخی عێراقی بەمشێوەیە بە هەڕەشە و مەترسی زانی و ئەوەیشی خستەڕوو كە ناكرێ لە عێراقێكی یەكگرتوودا بمێنینەوە و شەڕ بكەین و كێشەكان قووڵتر ببنەوە و دوای ڕیفراندۆمیش كوردستان دەكەوێتە گفتگۆ و لێكتێگەییشتن لەگەڵ بەغدا بۆ گەییشتن بە چارەسەری گونجاو و ئاشتیانە و بەغدا و هەولێریش قووڵایی ستراتیژیی یەكتر دەمێننەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی كەسایەتی كۆمەڵایەتی و ئاكادیمی و سەرۆك هۆزەكانی پارێزگای نەینەوا و مەخموور پرسیار و تێبینی و نیگەرانییەكانیان لەبارەی بارودۆخی ئاوارەكان و ئاییندەی ناوچەكانیان بۆ (سەرۆك بارزانی) خستەڕوو و سەرۆك بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیارەكانی دایەوە و ئامادەبوانی لەوە دڵنیا كردەوە كە فەرهەنگی گەلی كوردستان فەرهەنگی پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و دژی جیاكارییە لەنێوان پێكهاتەكان، ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە ئەوەی لەگەڵ داعش بێت چارەنووسی داعشی دەبێت و ئەوەی پەیوەندی بە داعش نەبووبێت كەرامەتی پارێزراوە و برای ئێمەیە. سەرۆك بارزانی داوایشی لە كەسایەتی كۆمەڵایەتی و ئاكادیمی و سەرۆك هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا و مەخموور كرد كە بە ئازادییەكی تەواو لە ڕیفراندۆمدا بەشدار بن و خەڵكی ناوچەكە چ بڕیارێك لە چارەنووسی خۆی دەدات ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكرێ و هیچ سیغەیەك بەسەریاندا ناسەپێندرێت.


 

هەواڵی پەیوەندیدار