٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

بۆ پته‌وتركردن و به‌شداریی كۆی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ڕاپرسیدا، گه‌ڕێكی دیكه‌ی گفتوگۆ ده‌ست پێ ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ده‌زگای مه‌دا، (سەرۆك بارزانی) ستایشی یەكڕیزیی حزبە كوردستانییەكانی كرد كە بووە هۆی رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی ریفڕاندۆم لەو وادەیەی كە بۆی دیاری كرا. هه‌ر له‌و دیداره‌دا دووپاتی كردەوە، گفتوگۆ و رێوشوێنە پێویست و پەیوەندیدارەكان بە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، بۆ بەهێزتركردنی یەكڕیزیی هەموو لایەنە كوردستانییەكان و بەشداریكردنیان لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان، لەو رۆژانەدا دەگیرێنەبەر.

ئەمڕۆ شەممە 2017/6/17، (مه‌سعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدیین، پێشوازی لە (فەخری كەریم) سەرۆكی دەزگای (المدی) بۆ ڕاگەیاندن و رۆشنبیری و هونەر كرد.

لەم دیدارەدا باس لە بارودۆخی ئێستای عیراق و پێشهاتە سیاسییەكانی كرا و تیشكیش خرایە سەر ئەو سەركەوتنانەی لە دژی تیرۆریستانی داعش تۆمار كران، هاوكات پرسی پەیوەندی نێوان حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان خرانە ڕوو بە تایبەتی پرسی ئەنجامدانی ریفڕاندۆم و ئەو پرسە گرینگانەی دەكەونە چوارچێوەی بەشداریی سیاسی و تەوافوقی نیشتیمانی.

(سەرۆك بارزانی) دووپاتی كردەوە، پرسی ئەنجامدانی ریفڕاندۆم مافی گەلی كوردستانە و دوای ئەنجام، پێویست بە چەندین دانیشتن و دانوستاندن دەبێت لەگەڵ حكوومەتی عیراق و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان، هاوكات پێویستە كاریش بكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان.

(سەرۆك بارزانی) ستایشی یەكڕیزیی حزبە كوردستانییەكانی كرد كە بووە هۆی رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی ریفڕاندۆم لەو وادەیەی كە بۆی دیاری كرا و دووپاتیشی كردەوە، گفتوگۆ و رێوشوێنە پێویست و پەیوەندیدارەكان بە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە لەو رۆژانەدا دەگیرێنەبەر بە مەبەستی بەهێزتركردنی یەكڕیزیی هەموو لایەنە كوردستانییەكان و بەشداریكردنیان لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان.

لە كۆتایی دیدارەكەدا، گرینگیدان بە باشتربوونی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و بەردەوامیی گفتوگۆ و دانوستان لەبارەی پرس و كێشەكانی نێوان هەردوولا و، بەردەوامی كار و هەماهەنگیی هاوبەش بۆ بنەبڕكردنی تیرۆر لەسەر خاكی عیراق جه‌ختی لێ كرایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار