٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

رۆژی ریفراندۆم دیاری کرا؛ ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم پێکدەهێنرێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەیشدا لایەنەکان رێککەوتن کە ٢٥-٩-٢٠١٧ ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ساز بدرێ.

دەقی ڕاگەیێندراوی كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پارتە سیاسییەكانی ناو حكوومەت و پارلەمان:

ڕۆژی چوارشەممە 7ـی 6ـی 2017 لە سەلاحەدین نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پارلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆك و جێگری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان لەگەڵ  (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.


لە كۆبوونەكەدا بە تێروتەسەلی بابەتی ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و كێشە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێم و بارودۆخی ناوچەیی و جیهانی تاوتوێ كرا و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر پێویستیی ڕیفراندۆم و چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و بارودۆخی زاتی و مەزووعیی هەرێمی كوردستان خستەڕوو.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بە تێكڕای دەنگ لەسەر ئەم خاڵانەی ڕێككەوتن:

یەكەم: ڕۆژی بیست و پێنجی ئەیلوولی 2017 وەك ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاری كرا.
دووەم: هەر لە ڕۆژی كۆتایی كۆبوونەوەكە هەتا كاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لایەنەكان كار بۆ كاراكردنەوەی پارلەمان و چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان بكەن ئەوەیش لەپێناو بەدەستهێنانی كۆدەنگیی نیشتیمانی.

سێیەم: جەخت لەسەر چاككردنەوەی بژێویی ژیانی خەڵك و ئاوڕدانەوە لە كێشە ئابوورییەكانی هاووڵاتیانی كوردستان و مووچەخۆر و چینوتوێژەكان و خەڵكی كەمدەرامەت كرایەوە.

چوارەم: بڕیار درا بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتی بەڕێز مەسعوود بارزانی. هەروەها بڕیار درا هەتا ڕێككەوتی 12ـی 6ـی 2017 پارتە سیاسییەكان نوێنەری خۆیان بۆ بەشداربوون لە چەند كۆمیتەی تایبەت بە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم دیاری بكەن.
پارتی دیموكراتی كوردستان
یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان
حزبی شیوعیی كوردستان
حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان
پاتی چاكسازیی پێشكەوتووی كوردستان
لیستی هەولێری توركمانی
بەرەی توركمانیی عێراق
پارتی گەشەپێدانی توركمان
لیستی ئەرمەن لە پارلەمانی كوردستان
بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری
مجلس الشعبی الكلدانی الاشووری
 

هەواڵی پەیوەندیدار