٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سه‌رۆك بارزانی: لەدەستدانی تێكۆشەرێكی وەك مامۆستا عەزیز محەممەد خەسارەتێكی گەورەیە

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ په‌یامیدا به‌ بۆنه‌ی كۆچی دوایی مامۆستا (عەزیز محەممەد)، (سه‌رۆك بارزانی) رایده‌گه‌یێنێ، لەدەستدانی تێكۆشەرێكی وەك مامۆستا (عەزیز محەممەد) خەسارەتێكی گەورەیە.

ده‌قی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی كۆچی دوایی مامۆستا عەزیز محەممەد

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
هەواڵی كۆچی دوایی تێكۆشەر و سیاسەتمەداری كوردستان مامۆستا عەزیز محەممەد زۆر خەمباری كردم. بەم بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری بەڕێزیان و هەڤاڵ و دۆست و ئاشنایانی مامۆستای كۆچكردوو مامۆستا عەزیز محەمەد دەكەم.
مامۆستا عەزیز محەممەد مرۆڤێكی تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرێكی مەزن و دۆستی نزیكی بارزانیی نەمر بوو. شوێندەستی مامۆستا عەزیز محەممەد لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەمان دیارە. دۆستایەتیی و نزیكیی مامۆستا عەزیز محەممەد لەگەڵ بارزانیی نەمر ڕۆڵی هەبووە لە پەیوەندیی باشی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی لە  شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كە قۆناغێكی گرینگی مێژووی گەلەكەمانە، بە تایبەت ڕێكخستنەوەی سیاسیی حزبی شیوعی و پێشمەرگەكانی حزبی شیوعی لە چوارچێوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و، هەروەها بەرگریكردن لە دۆزی ڕەوای كورد لە ئاستی جیهانیدا. لەدەستدانی تێكۆشەرێكی وەك مامۆستا عەزیز محەممەد خەسارەتێكی گەورەیە.
لە خودای مەزن داواكارم خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بەهەموو لایەك ببەخشێت.

انا لله و انا الیه راجعون

مه‌سعوود بارزانی
31ـی 5ـی 2017

هەواڵی پەیوەندیدار