وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، پشتگیریی وڵاتهكهی له هێزی پێشمەرگە بۆ سهرۆك بارزانی دووپات كردەوە

ههولێر-KDp.info- وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد و، بەڵێنی بەردەوامیی وڵاتەكەی لە پەیوەندییەكان و پشتگیریی هێزی پێشمەرگە دووپات كردەوە.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 30ـی 5ـی 2017، (ڕێكس تلێرسۆن) وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە، پەیوەندی بە (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگە و سەركەوتنەكانی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و، پێزانینی هەبوو بۆ هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوپای عێراقی لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا. هەروەها بەڵێنی بەردەوامیی وڵاتەكەی لە پەیوەندییەكان و پشتگیریی هێزی پێشمەرگە دووپات كردەوە.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەڵوێست و پشتگیرییەكانی ئەمەریكای كرد و هەروەها پیرۆزباییشی لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.




