٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

هه‌ر كارێكی پێچەوانەی رێککەوتنی هەرێم و ئەمەریکا و عێراق، بە هەڕەشە لە قەڵەم دەدرێ

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق- سووریا، خۆشحاڵیی خۆی بەو هەماهەنگی و هاوکارییە پتەوەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق خستەڕوو کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵدا هاتە ئارا و، نیگەرانییەكانی هەردوولایش لەبارەی ئەو کارانەی پێچەوانەی ڕێککەوتنی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و عێراق ئەنجام دراون خستەڕوو و بە هەڕەشە لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچە ئازادکراوەکانی پارێزگای نەینەوا لەقەڵەم درا.

 

ڕۆژی چوارشەممە 31ـی 5ـی 2017 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژەنەڕاڵ (ستیڤن تاونسێند) فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق و سووریا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە (كین گرووس) كونسووڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا.

لە كۆبوونەوەكەدا کە (کەریم شنگالی) وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت و (د.فواد حوسێن) سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئامادە بوون، بە وردی باسی بەرەوپێشچوونەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كرا و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستان لە پارێزگای نەینەوا و پێشهاتە تازەکانی ئەو شەڕە تاوتوو كرا؛ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا خۆشحاڵیی خۆی بەو هەماهەنگی و هاوکارییە پتەوەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق خستەڕوو کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵدا هاتە ئارا و نیگەرانییەكانی هەردوولایش لەبارەی ئەو کارانەی پێچەوانەی ڕێککەوتنی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و عێراق ئەنجام دراون خستەڕوو و بە هەڕەشە لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچە ئازادکراوەکانی پارێزگای نەینەوا لە قەڵەم درا و، فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە ئەوان بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن و باس لە ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگەگرتن لەو زێدەڕۆییانە کرا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا جەخت لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆ و هاوکاری و هەماهەنگیی هەردوولا کرایەوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار