٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

باڵیۆزی ئەمەریکا: ئەمەریكا شانازی بەوە دەكات كە پشتیوانی پێشمەرگەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق رایگەیاند کە وڵاتەکەی شانازی بەوە دەکات کە پشتیوانی پێشمەرگەیە.

 لە سەلاحەددین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (دۆگڵاس سڵیمان) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە جەنەڕاڵ (تاونسێند) فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و (كین گرووس) كونسووڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق سوپاسی قارەمانێتی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە كرد و ڕایگەیاند ئەمەریكا شانازی بەوە دەكات كە پشتیوانی پێشمەرگەیە و دووپاتیشیكردەوە وڵاتەكەی لەو پشتیوانییەدا بەردەوام دەبێت. هەروەها سوپاسی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كرد كە میوانداریی ئاوارە و پەنابەرانیان كردووە و پێشوازیشیان لە بریندارانی سوپای عێراقی كردووە بۆ چارەسەركردن.

هەر لەم دیدارەدا باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ئەجێندا و هەنگاوەكانی ئیدارەی نوێی ئەمەریكای بۆ عێراق و ناوچەكە و شەڕی تیرۆر بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و بڕیارەكانی سەرۆك ترامپی لەبارەی ڤیزا و هاتووچوی هاووڵاتیانی حەوت وڵات بۆ ناوخۆی ئەمەریكا شیكردەوە.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی گەل و حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە لەشەڕی تیرۆردا پشتیوانی گەلی كوردستان پێشمەرگە بوون و ئەو پاڵپشتییەی بە كاریگەر وەسفكرد لە شكستدانی تیرۆریستانی داعش و ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە ئەمەریكا و كوردستان لە سەنگەرێكی هاوبەشدان لە شەڕی تیرۆر و خوێنی ڕۆڵەكانی هەردوولا لەم شەڕەدا تێكهەڵ بووە و بۆیەشە لەپێناو سەقامگیری و ئاشتی و ئاساییشی ناوچەكە دۆستایەتیی نێوان كوردستان و ئەمەریكا زۆر پێویستە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باسی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دوایین پێشهاتەكان و بارودۆخی مەیدانیی شەڕی دژی داعش لە سووریا كرا. ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان وئەمەریكا و پێشڤەچوون و بەردەوامیی ئەو پەیوەندییانە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو. 

 

هەواڵی پەیوەندیدار