٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

عەممار ئەلحەکیم: پێویستە پێداچوونەوە هەبێت لە پێوەندییەكانی نێوان لایەنە كوردستانییەكان و هاوپەیمانێتیی نیشتیمانی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هاوپەیمانیەتی نیشتمانی (عەممار ئەلحەكیم) رایگەیاند، پێویستە پێداچوونەوە هەبێت لە پەیوەندییەكانی نێوان لایەنە كوردستانییەكان و هاوپەیمانێتیی نیشتیمانی و خاڵە لاوازەكان و كەموكورتی و كێشەكان چارە بكرێن و ئەوەیش لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی تەسویەی سیاسی و پێكهێنانی لیژنەی هاوبەشی سیاسی و حكوومی و حیواری بەردەوام بۆ لەیەكنزیككەوتنەوە و جێگیركردنی بنەما سەرەكییەكانی عێراقی تازە كە هەموو لایەك تێیدا هاوبەشن.

ڕۆژی شەممە 4ـی 2ـی 2017 لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای هاوپەیمانێتیی نیشتیمانیی عێراقی كرد كە پێكهاتبوو لە (سەید عەممار ئەلحەكیم) سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتیمانی و ژمارەیەك لە نوێنەر و سەركردەی پارتە سیاسییەكانی نێو هاوپەیمانێتیی نیشتیمانیی عێراقی.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا (سەید عەمار ئەلحەكیم) سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتیمانی لە وتەیەكدا پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و سوپا و هێزەكانی عێراقی كرد لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش و یەكڕیزی و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقی لە شەڕی ئازادكردنی مووسڵ بەرز نرخاند، هەروەها پێزانینیشی هەبوو بۆ ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) و سەرۆكوەزیرانی عێراقی لە سەركردایەتیكردنی شەڕی دژی داعش و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ.

لە درێژەی وتەكەیدا وێڕای ئاماژەدان بە مێژوو و ئەزموونی هاوبەشی لایەنەكان لە دژایەتیكردنی دیكتاتۆری و هەروەها تەحەدیات و ئەو دەرفەتانەی كە ئێستا لەبەردەم لایەنە عێراقییەكاندا هەیە جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە پێداچوونەوە هەبێت لە پەیوەندییەكانی نێوان لایەنە كوردستانییەكان و هاوپەیمانێتیی نیشتیمانی و خاڵە لاوازەكان و كەموكورتی و كێشەكان چارە بكرێن و ئەوەیش لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی تەسویەی سیاسی و پێكهێنانی لیژنەی هاوبەشی سیاسی و حكوومی و حیواری بەردەوام بۆ لەیەكنزیككەوتنەوە و جێگیركردنی بنەما سەرەكییەكانی عێراقی تازە كە هەموو لایەك تێیدا هاوبەشن. ئەزموونی هەماهەنگیی سەربازی و شەڕی تیرۆر و مێژووی خەباتی هاوبەشی بە پاڵنەرێكی سەرەكی لە قەڵەمدا بۆ لەیەكترنزیكبوونەوە و چارەسەركردنی كێشەكان.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی شاندی میوانی كرد و لە وتەیەكدا باسی لەو نەهامەتییانە كرد كە لە لایەن حكوومەتەكانی عێراقی بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە لە قۆناغی دروستبوونی عێراق هەتا ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ئاماژەیشی بەو پێشێلكارییانە كرد كە لەدوای 2003 دەرهەق بە گەلی كوردستان كراوە و جەختی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان لەدوای ڕووخانی بەعس هەموو هەوڵێكی داوە بۆ بنیاتنانی عێراقی تازە، بەڵام هەروەك قۆناغی پێشوو كار بۆ تێكدانی شەراكەت و پێشێلكردنی مافەكانی گەلی كوردستان و زاڵكردنی زمانی زۆرینە و دواجار بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان كرا.

(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەم هۆكارانە بوو بە هۆی نەمانی متمانە و قووڵبوونەوەی كێشەكان، بۆیە هەر چارەسەرێك هەبێت دەبێ بەشێوەیەك بێت كە كۆتایی بە سەرهەڵدانەوەی كارەسات و نەهامەتییەكان لەدژی گەلی كوردستان بێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە تێبینی و بۆچوونی پارتە سیاسییەكانی ناو هاوپەیمانێتیی نیشتیمانییان لەبارەی بارودۆخی سیاسی و چۆنییەتیی چارەسەركردنی كێشەكان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا خستەڕوو.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو كۆبوونەوەیەدا (فازڵ میرانی) سكرتێر و (ئازاد بەرواری) و (مەحموود محەممەد) ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار