سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئازربایجان و سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندادا کۆ بووهوە

داڤۆس-KDP.info- ئهمڕۆ چوارشەممە 18ـی 1ـی 2017، لە پەراوێزی دیدارەکانی دووەم ڕۆژی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤوس، (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دوو دیداری جیادا لەگەڵ (ئیلهام عەلییف) سەرۆککۆماری ئازربایجان و، (مارک ڕووتە) سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندادا کۆ بووهوە.
ئهم ئێوارەی چوارشەممەیه، (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ (مارک رووتە) سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا و شاندی یاوەری کۆ بووهوە. لە دیدارەکەدا، کە (دکتۆر فواد حوسێن) سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، ئاماژەی بە سەردانی خۆی لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو بۆ هەرێمی کوردستان و سەردانی هەر دوو وەزیری بەرگری و پەرەپێدانی وڵاتەکەی بۆ هەولێر لە هەفتەی یەکەمی ئەمساڵ، کرد و جەختی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا کردەوە و ئامادەیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە هۆڵەندا ئامادەیە جگە لە بواری سەربازی و مەشقکردن بە پێشمەرگە، لەبوارەکانی دیکەشدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، پیرۆزبایی لە (سەرۆک بارزانی) و پێشمەرگە کرد بۆ سەرکەوتنەکان دژی تیرۆریستانی داعش و دواتر بەرەوپێشچوونەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ و قۆناغی دوای ئازادکردنی مووسڵ خرایە بەرباس.
لە کۆبوونەوەکەدا (سەرۆک بارزانی) وێڕای دەربڕینی سوپاس بۆ گەل و حکوومەتی هۆڵەندا بۆ هاوکاری و پشتیوانییان بۆ کوردستان، لەبارەی قۆناغی دوای ئازادکردنی مووسڵ، ڕایگەیاند کە پێویستە ئیدارەکردنی ئەو ناوچانە بەجۆرێک بێت کە پێکهاتەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەردەستی داعش زیانیان پێگەیشتووە، هەست بە ئارامی و دڵنیایی بکەن.

هەر ئێوارەی ئهمڕ چوارشەممە 18ـی1ـی2017، لە پەراوێزی دیدارەکانی کۆڕبەندی داڤۆس، (سەرۆک بارزانی) و (ئیلهام عەلییف) سەرۆکی ئازربایجان کۆ بوونەوە.
لە دیدارەکەدا سەرۆککۆماری ئازربایجان باسی پەیوەندیی مێژوویی نێووان هەردوو گەلی کوردستان و ئازربایجانی کرد و جەختی لەسەر پەرپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە و، باس لە سوودوەرگرتن لەو پەیوەندییە مێژووییانە بۆ بونیادنانی پەیوەندیی نێوان کۆماری ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان کرا، بەتایبەتییش لە بواری بازرگانی و ئابووریدا.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی ئازەربایجان بانگهێشتی (سەرۆک بارزانی) کرد بۆ سەردانی وڵاتەکەی. هەروەها باس لە سەردانی شاند لەنێوان هەردوولا کرا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا شەڕ دژی تیرۆریستانی داعش و ڕەوشی عێراق و ناوچەکە خرایە بەرباس.
(دکتۆر فواد حوسێن) سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی ئەو دیدارە بوون.





