٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور: هه‌رێمی كوردستان لە ناوچەکەدا نموونەیەکی باڵایه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ (سه‌رۆك بارزانی)، سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور ڕایگه‌یاند، ''ئێمە تێدەگەین کە چەندە سەختە لە شەڕێکی لەوشێوەیەدا و لەگەڵ دوژمنێک کە ڕێز لە هیچ یاسا و بەهایەک ناگرێت، کەچی ئێوه‌ بەردەوام ئاگاداری هێزەکانتان کردووه‌تەوە ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن، لەو ڕووەوە هه‌رێمی كوردستان توانیویەتی لە ناوچەکەدا ببێتە نموونەیەکی باڵا.''

ڕۆژی سێشەممە 10ـی 1ـی 2017 لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (پیتەر ماورێر) سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور سوپاسی (سەرۆك بارزانی)ی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و، وێڕای ئاماژەدان بە ڕووداوە خێراكانی ناوچەكە و ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زیاتری خەڵکی ناوچەکە، ئەوەی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند، كە ڕێكخراوی خاچی سوور لەو تەحەدییاتانە تێدەگات کە بەهۆی ئەو ڕەوشەوە ڕووبەڕووی هەرێم بوونەتەوە و دەیانەوێ چالاکییەکانی خۆیان زیاتر بکەن بە جۆرێك كە لەگەڵ گۆڕانكارییە تازەكان بگونجێت.

سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور سوپاسی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد كە هەرچەندە لەماوەی ڕابردوودا میوانداریی سەدانهەزار ئاوارەیان كردووە و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان پاراستووە، لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵیشدا ژمارەیەکی زیاتری ئاوارە ڕوویان لە هەرێم کردووە لە کەمپەکاندا نیشتەجێ کراون.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور سوپاسی خۆی و ڕێکخراوەکەی بە (سەرۆک بارزانی) ڕاگەیاند کە وێڕای ئەوەی ناوچەکە لە شەڕدایە و دوژمنیش پێڕەوی لە هیچ یاسا و بەهایەک ناکات، بەڵام (سەرۆک بارزانی) ڕێنمایی بەردەوامی داوەتە هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان کە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ بن و ڕایگەیاند: ''ئێمە تێدەگەین کە چەندە سەختە لە شەڕێکی لەوشێوەیەدا و لەگەڵ دوژمنێک کە ڕێز لە هیچ یاسا و بەهایەک ناگرێت، کەچی ئێوە بەردەوام ئاگاداری هێزەکانتان کردووه‌تەوە ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن، ئەوە لای ئێمە جێگای سەرنج و ڕێز و پێزانینە و پێمان وایە هەرێمی کوردستان لەو ڕووەوە توانیویەتی لە ناوچەکەدا ببێتە نموونەیەکی باڵا''؛ بۆ ئەوەش پیرۆزبایی لە (سەرۆک بارزانی) کرد کە لە کاتی شەڕیشدا بە ڕێنماییەکانی توانیویەتی ئەو پیگەیە بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات.

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور، ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ ڕێکخراوەکەیان بەرز نرخاند و، سوپاسی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە جێبەجێكردنی ئەرك و كارەكانی ڕێكخراوەكەیان هاوكاری و ئاسانكارییان پێشكەش دەكەن و هەروەها ئاسانكاری و هاوكاریی گرتووخانەكانی هەرێمی كوردستانیشی بەرز نرخاند لە كاتی سەردانی نوێنەر و چاودێرەكانی ڕێكخراوەكەیان بۆ گرتووخانەكانی هەرێم و هیوای خواست ئەو هەماهەنگییەی ڕێکخراوەکەیان لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ بەردەوام بێت.

(پیتەر ماورێر) ئاماژەی بەو تەحەدیاتانەش کرد کە بەرەوڕووی ئاوارەکان بۆتەوە لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان بەهۆی ئاسەواری شەڕ و داوای لە (سەرۆک بارزانی) کرد لەوبارەیەوە بەرچاوڕوونییان بداتێ کە چۆن بتوانن هاوکار بن.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و دەستخۆشی لە ئەرك و كارەكانی ڕێكخراوەکە كرد و، پێشوازی لە هەوڵ و چالاكییەكانی کرد وەک چالاکترین ڕێکخراوی بواری هاوکاریی مرۆیی و هەڵوێست و تێڕوانینی ئەوانی بەرانبەر بە کوردستان بە شایەتییەکی عادیلانە و مایەی شانازی لە قەڵەم دا. هاوكات جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامادەیە گوێ لە ڕاسپاردە و ڕێنماییەکانی ئەو ڕێکخراوە بگرێت و هەماهەنگیی زیاتریش لەنێوان هەردوولادا هەبێت.

(سەرۆك بارزانی) لەبارەی ڕەوشی ئاوارەکان و چۆنیەتیی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان ڕایگەیاند، سەرباری ڕەوشی خراپی ئابووری و نەبوونی هاوکاریی پێویست بۆ ئاوارەکان، کە بووەتە بارگرانییەکی زۆر بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام جێگەی شانازییە کە كوردستان بووەتە پەناگای ئاوارە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان و حكوومەتی هەرێم بەهەموو توانایەك یارمەتیی ئاوارەكان دەدات.

(سەرۆک بارزانی) ئەوەشی بۆ شاندی میوان ڕوون کردەوە کە ئەو ناوچانەی ئازد کراون بەهۆی بوونی بڕێکی زۆر تەقەمەنی و بۆمبی چێندراوه‌وه‌، هێشتا جێگای دڵنیایی نین، هەروەها بەهۆی شەڕەوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان لەو شوێنانە نەماون و بەو شێوەیەش شوێنی ژیان نین و ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە و پاک کردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو شوێنانە پێویستی بە هەوڵێکی نێودەوڵەتی و هەمەلایەنە هەیە.

(سەرۆک بارزانی) ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوانەی حوکمی داعشیان قبووڵ نەکرد و هانایان بۆ کوردستان هێنا، دوای نەمانی هەڕەشەی تیرۆریستان و پووچەڵ کردنەوە و لابردنی تەقەمەنی و بۆمبی چێندراو و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، دەتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان. بەڵام لە سەرەتای پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر کوردستان، کەسانێک کە شانەی نووستووی داعش بوون لەو ناوچانە بوونە هاوکاری داعش و لە پشتەوە خەنجەریان لە پێشمەرگە دا و بەو هۆیەوە زیانی زۆرمان بەرکەوت، بۆیە ئەوانە نابەخشرێن و چارەنووسیان هەمان چارەنووسی داعش دەبێت.

لە کۆتایی دیدارەکەدا سەرۆکی كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور سوپاسی (سەرۆک بارزانی) کرد بۆ ڕوونکردنەوەکانی و جەختیشی کردەوە کە هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی هەوڵێکی هەمەلایەنە هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ناوچە ئازادکراوەکان و وەک هەنگاوێکی پێویستیش، بە نیازن ناوەندێکی دروستکردنی دەست و قاچی دەستکرد دابمەزرێنن تا بتوانن لەو ڕووەوە هاوکاریی ئەو کەسانە بکەن کە بەهۆی بۆمب و تەقەمەنییەکانی تیرۆریستانەوە دەست و قاچیان لەدەست داوە. 

هەواڵی پەیوەندیدار