٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

رەشنووسی ستراتیژی نیشتیمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە قۆناغی کۆتاییدایە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی دەزگا پەیوەندیدارەکانی بەدواداچوونی پرۆسەکانی چاکسازی کرد و لە کۆبوونەوەکەدا راگەیاندرا کە "ڕەشنووسی ستراتیژی نیشتیمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی" لە قۆناخی کۆتاییدایە کە تیایدا نەخشەڕێی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا دەستنیشان کراوە.

ڕۆژی شەممە 7ـی1ـی2017 لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد بۆ بەدواداچوونی پرۆسەکانی چاکسازی.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکی حکوومەت، (د. ئەحمەد ئەنوەر) سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، (حاکم جەواد فەتاح ئاغا) سەرۆکی داواکاری گشتی، (حاکم بەنگین) سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری بە وەکالەت و (خالید هادی چاوشلی) سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی، بەڕێوەچوو، (سەرۆک بارزانی) ئامانجی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو کە بۆ هەڵسەنگاندنی پرۆسەکانی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دروستکردنی هەماهەنگیی زیاتری سەرجەم دامەزراوەکان و دەستنیشانکردنی میکانیزمی بەدواداچوون و جێبەجێکردنی هەنگاوە پێویستەکانە.

لەوبارەیەوە (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند کە ڕاستە پڕۆسەکە دەست پێکراوە، بەڵام پێویستە هەماهەنگی زیاتر هەبێت و ڕوونکردنەوە و ئاگادارکردنەوەی بەردەوام لەبارەی هەنگاوەکانی پرۆسەکەوە بۆ ڕای گشتیی هەبێت. دواتر (سەرۆک بارزانی) داوای لە ئامادەبووان کرد سەرنجەکانی خۆیان لەبارەی هەنگاوەکانی ئەو پرۆسەیەوە بخەنەڕوو.

لە کۆبوونەوەکەدا (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەو کۆبوونەوەیە و ڕایگەیاند کە لەبەر ڕۆشنایی ڕاسپاردە و بڕیارەکانی (سەرۆک بارزانی) لە 10ـی2ـی2016، لە وەزارەتی دارایی و پێداچوونەوە بە ڕوونیی داهاتەکانی نەوت، چەندین هەنگاوی چاکسازی گیراونەتەبەر و پرۆسەکانیش لەبەر ڕۆشنایی بڕیارەکانی (سەرۆک بارزانی) بەردەوامن.

دواتر لە لایەن جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕوونکردنەوەی پێویست لەبارەی هەنگاوەکان و بەربەستەکان و بەرنامەی کاری حکوومەت خرایەڕوو. دواتریش بەرپرسی دامەزراوەپەیوەندیدارەکان ڕاپۆرتی زارەکییان لەبارەی هەنگاوەکانی ئەو دەزگایانە لەچوارچێوەی پرۆسەکانی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی خستەڕوو و قسە لەسەر ئەوە کرا کە لە لایەن دەستەی دەستپاکییەوە "ڕەشنووسی ستراتیژی نیشتیمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی" لە قۆناخی کۆتاییدایە کە تیایدا نەخشەڕێی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا دەستنیشان کراوە.

لە کۆبوونەوەکەدا لە لایەن ئامادەبووانەوە بە بایەخەوە قسە لەسەر ئەوە کرا کە ئەو پرۆسەیە نیشتیمانی و سەرتاسەری و پێکەوەیی و هاوبەشە و پەیوەستە بەهەموو لایەکەوە و پڕۆسەیەکی تۆڵەستاندن نییە و بەپێی یاسا و دادپەروەری مامەڵە لەگەڵ بابەتەکان دەکرێت و پێویستی بە هاوکاری و میدیا و پشتگیریی سیاسیی هەموو لایەنەکان هەیە. جەختیش لەوە کرایەوە کە پڕۆسەکە، پڕۆسەیەکی بەردەوامە و نابێ هیچ کەس و لایەنێک لەژێر هیچ ناونیشانێک کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم پڕۆسەکە دروست بکات.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە ڕۆژی دووشەممە 16ـی1ـی2017 لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی فراوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەو دەزگا پەیوەندیدارانەی لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدارن، بەڕێوە بچێت تا ڕێوشوێنی پراکتیکی بگیرێتەبەر و هەر دەزگایەک نەخشەڕێ و میکانیزمێک پێشنیار بکات بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی لیژنەیەکی باڵای هەماهەنگیدا بۆ بەدواداچوونی سەرجەم پرۆسەکانی چاکسازی، جێبەجێ بکرێن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار