٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

فڕانسوا ئۆلاند: کوردستان هۆکاری سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.. فه‌ڕه‌نسا هه‌ر پشتیوانتان ده‌بێ

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆككۆماری فەڕەنسا رایگه‌یاند، ''لە ڕووی سیاسییەوە دەزانین کوردستان ڕۆڵی لە پێشهاتەکاندا دەبێت، چونکە کوردستان هۆکاری سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا''، گوتیشی، هەر کەسێک سەرۆکی فەڕەنسا بووبێت ئەو پەیوەندییە هەر بەهێز بووە و لە داهاتوویشدا هەر وا دەبێت.

ئه‌مڕۆ دووشەممە 2ـی1ـی2017، (فرانسوا ئۆڵاند) سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا بە یاوەریی شاندێكی حكوومەتی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا پێشوازی لێ كرا.
دواتر (سەرۆك بارزانی) و سەرۆك كۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەكەی سەردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کرد لە سەر چیای زەرتک و سەرۆککۆماری فەڕەنسا لە نزیکەوە ستایشی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند، ''پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە پێشمەرگە ئازاکان دەکەم کە پێشتر لێرە بەرگرییان کرد و دواتریش لێرەوە پێشرەوییان کرد و داعشیان تێکشکاند و، ڕێگەیان بۆ سوپای عێراق خۆش کرد تا بەرەو مووسڵ پێشڕەوی بکەن.''
  لەو بەسەرکردنەوەیەدا ژمارەیەک ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە و ئەفسەرانی وڵاتی فەڕەنسا کە لە چوارچێوەی تیمەکانی هێزی هاوپەیمانان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە کوردستانن، ئامادە بوون.
دوای ئەم سەردانە، لە شاری هەولێر (سەرۆك بارزانی) و سەرۆككۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەكەی كە پێكهاتبوون لە (جێن یۆڤیس لێدریان) وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و (مارک بارێتی) باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرسی حكوومەتی فەڕەنسا و (دۆمێنیک ماس) کۆنسووڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر كۆ بوونەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا كە (کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی) جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و (مەسروور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی كوردستان و (کەریم شنگالی) وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی و سەربازی ئامادەی بوون، (سەرۆك بارزانی) زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكی فەرەنسا و شاندە یاوەرەكەی كرد و سوپاسی (سەرۆک ئۆلاند)ی کرد کە بۆ جاری دووەم سەردانی کوردستان دەکات و ئەم سەردانەی بە مێژوویی و كاریگەر وەسف كرد و، پیرۆزبایی ساڵی نوێی لە سەرۆکی فەڕەنسا کرد و هیوای خواست ساڵی نوێ بۆ فەڕەنسا و تەواوی جیهان ساڵی ئاشتی و ئارامی بێت.
(سەرۆك بارزانی) سوپاسی سەرۆك و گەلی فەڕەنسای كرد بۆ بەدەنگەوەهاتن و یارمەتیدان و هاوكاریكردنی گەلی كوردستان و ڕایگەیاند كە جێگەی شانازییە كوردستان دۆستێكی مەزنی وەك گەلی فەڕەنسای هەیە.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی بۆ سەرۆكی فەڕەنسا خستەڕوو كە فەڕەنسا لە ڕۆژە سەختەكاندا هەردەم لەتەك گەلی كوردستان وەستاوە. هەوڵەكانی فەڕەنسایشی بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی و دروستكردنی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لەشەڕی دژی تیرۆردا بەرز نرخاند.
(سه‌رۆك بارزانی) جەختیشی کردەوە کە بە تێکشکاندنی داعش لە مووسڵ، تیرۆر کۆتایی نایەت و بە شێوە و ناوی دیکە دەبنەوە هەڕەشە، بۆیە پێویستە هەموو ئاشتیخوازان و مرۆڤدۆستەکان هاوکاریی یەکتر بکەن بۆ تێکشکاندنی تیرۆر کە بۆتە هەڕەشە بۆسەر هەموو مرۆڤایەتی.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆككۆماری فەڕەنسا سوپاسی (سەرۆك بارزانی)ی كرد بۆ ئەو پێشوازییەی لێی كراوە و ڕایگەیاند، ''کە ئەمڕۆم بۆ سەردانەکەی بۆ کوردستان هەڵبژاردووە تا پیرۆزبایی ساڵی نوێتان لێ بکەم و، دەزانین لەو ساڵەدا تەحەدییاتی ئابووری هەن و کوردستان پێویستی بە هاوکاری دەبێت. هەروەها لە ڕووی سیاسییەوە دەزانین کوردستان ڕۆڵی لە پێشهاتەکاندا دەبێت، چونکە کوردستان هۆکاری سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.''
(سه‌رۆك ئۆلاند) دووپاتیشی كردەوە كە پەیوەندیی نێوان فەڕەنسا و گەلی کوردستان پەیوەندییەکی مێژووییە و فەڕەنسا هەمیشە لە ڕۆژە سەختەکاندا پاڵپشتی کوردستان بووە و لە داهاتوویشدا لە پاڵپشتیكردن و پاراستنی گەلی كوردستان بەردەوام دەبێت؛ هەر کەسێک سەرۆکی فەڕەنسا بووبێت ئەو پەیوەندییە هەر بەهێز بووە و لە داهاتوویشدا هەر وا دەبێت. سەرۆککۆماری فەڕەنسا ستایشی قارەمانێتیی پێشمەرگەی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە ئەو ئازایەتییەی پێشمەرگە پێشانی دا بووە هۆی شانازیی بۆ کوردستان و بۆ ئێمەیش.
هەروەها سەرۆكی فەڕەنسا ستاییشی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەی كرد بۆ پاراستن و حەواندنەوەی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر و ئاوارە و كوردستانیشی بە نموونەیەك زۆر باش وەسف كرد لە پێكەوەژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە جۆراوجۆرەكان و ڕایگەیاند فەڕەنسا ستایشی ئەم پێكەوەژیانەی كوردستان دەكات و پارێزگاری لەم فرەیی و پێكەوەژیانە دەكات.


لەدوای كۆبوونەوەكە (سەرۆك بارزانی) و سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا بەشداری پڕێسكۆنفڕانسێك بوون و، ناوەڕۆكی كۆبوونەوە و ئامانجی سەردانەكەیان بۆ ڕاگەیاندنەكان باس كرد.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەشدا (فڕانسوا ئۆلاند) جارێکی دیکە ستایشی ئازایەتیی پێشمەرگەی کرد و ڕایگەیاند، ''ئەگەر ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە نەبوایە، تێکشکاندنی داعش کارێکی مەحاڵ بوو. پێش چەند سه‌عاتێك سەردانی بەرەکانی شەڕمان کرد، ئەو شوێنانە بە خوێنی پێشمەرگە ئازادکراون و ئەو پێکهاتانەی لەو ناوچەیە دەژین چیتر لە ئایندەی خۆیان ناترسن''، ڕاشیگەیاند ''دوای ئازادکردنی مووسڵ پێویستە چارەسەرێکی سیاسی هەبێت بۆ ئەوەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ناوچەکە بە ئاشتییانە پیکەوە بژین و ئیدارەیەکی باش هەبێت کەژیانی هەمووان لە سایەیدا مسۆگەر بێت.''
هەر ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 2ـی1ـی2016 بە ئامادەبوونی (سەرۆک بارزانی)، (فڕانسوا ئۆلاند) سەرۆککۆماری فەڕەنسا، کۆمەڵێک هاوکاریی مرۆیی کە بۆ ئاوارەکانی هێنابوو، ڕادەستی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.
دواتریش سەرۆکی فەڕەنسا و شاندی یاوەری كۆتاییان بە سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن (سەرۆك بارزانی) و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومیی هەرێمی كوردستان بەڕێ كران.

هەواڵی پەیوەندیدار