٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی و عەللاوی جەختیان لە رەتکردنەوەی جیاکاری و سیاسەتی تایفەگەری کردەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە دیداری نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆککۆماری عێراقدا، جەخت لە ڕەتكردنەوەی سیاسەتی تاییفەگەری و جیاكاریی تایفیی لە پڕۆسەی سیاسی و ئاییندەی عێراق كرایەوە.

 

ڕۆژی سێشەممە 6ـی 12ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (ئەیاد عەلاوی) جێگری سەرۆككۆماری عێراق و سەرۆكی ئیئتلافی نیشتیمانیی عێراقی و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە (فازڵ میرانی) سكرتێر و (ئازاد بەرواری) و (مەحموود محەمەد) ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لەبەرانبەر تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و گفتوگۆ و، هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان لە بوونی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ نیشاندا. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكان لە هاوكێشە سیاسییەكان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە وێڕای باسكردنی هەڕەشەكانی هزری توندڕۆیی و تیرۆر جەخت لە ڕەتكردنەوەی سیاسەتی تاییفەگەری و جیاكاریی تایفیی لە پڕۆسەی سیاسی و ئاییندەی عێراق كرایەوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان ستاییشی سیاسەت و ڕوانگەی هەرێمی كوردستانیان كرد لە پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و قووڵكردنەوەی كولتووری پێكەوەژیان و لێبوردەیی.

هەواڵی پەیوەندیدار