٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

شاندی پیرانی فەڕەنسا: پێشمەرگە لە ئاستی جیهانیدا بووەتە سیمبولێكی گەورە و جێگەی شانازیی جیهانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لەدیداریاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندی پیرانی فەرەنسا رایانگەیاند کە، پێشمەرگە لە ئاستی جیهانیدا بووەتە سیمبولێكی گەورە و جێگەی شانازیی جیهانە.

ڕۆژی سێشەممە 22ـی 11ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (بێرنارد كازوا) ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی  فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆكی شاندەكە سڵاو و ڕێزی سەرۆكی ئەنجوومەنی پیرانی فەڕەنسای بە (سەرۆك بارزانی) گەیاند و هەروەها باسی لەوە كرد كە وڵاتەكەی زۆر بە بایەخەوە سەیری ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریی كوردستان دەكات و ئاگاداری قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە. هەروەها دەستخۆشی لە (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ سەركردایەتیكردنی سەركەوتووانەی شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەرەخۆشیی خۆیشی ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) و كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە كرد كە گیانی خۆیان لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا فیدا كردووە و ڕایگەیاند پێشمەرگە لە ئاستی جیهانیدا بووەتە سیمبولێكی گەورە و جێگەی شانازیی جیهانە.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی سەرۆكی ئەنجوومەنی پیرانی فەڕەنسای كرد و وێڕای ئاماژەدان بە سەردانی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ هەولێر لە سەرەتاكانی پەلاماری داعش جەختی لە دۆستایەتیی نێوان گەلی فەڕەنسا و گەلی كوردستان كرد و سوپاسی هەموو لایەنە سیاسییەكانی وڵاتی فەڕەنسای كرد كە هاوسۆزی نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان بوونە.

(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی وتەكەیدا تیشكی خستە سەر قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستان و پاراستنی پێكهاتە نەتەوەییەكان و ڕایگەیاند پێشمەرگە جێگەی شانازیی گەلی كوردستانە. هەروەها باسی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كرد و ئەوەی خستەڕوو كە پێشمەرگە ئەو ڕۆڵەی كە لە ئۆپەراسیۆندا لەسەر شانی بووە بە سەركەوتوویی ئەنجامی داوە و هێڵە بەرگرییەكانی داعشی لە دەوراوپشتی مووسڵ تێكشكاندووە.

هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا كە ئامانجی سەرەكیمان لە دوای داعش دابینكردنی ئاساییش و ئاسوودەییە بۆ خەڵكی ناوچەكە بە تایبەت ئێزیدی و مەسیحییەكان و لە هەر ڕێككەوتنێكیشدا دەبێ ویستی دانیشتوانی ناوچەكەیش لەبەرچاو بگیرێت لەوەی چ لایەنێك ئاساییشی ناوچەكە دابین بكات.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە ڕەوشی ئاوارەكان و بارودۆخی سیاسی و ئەمنی سووریا و دوا پێشهاتە سیاسییەكانی توركیا كرا و ئاییندەی هەرێمی كوردستان كرا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار