كوێت ئامادهیه هاوكاریی ههرێمی كوردستان بكات

ههولێر-KDP.info- باڵیۆزی دەوڵەتی كوێت لە عێراق وێڕای گهیاندنی سڵاوی ئەمیر و حكوومەتی كوێتی بە سەرۆكی ههرێمی كوردستان، ستاییشی ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) كرد لە مێژووی عێراق و ناوچەكە و هەروەها سەركردایەتیكردنی شەڕی تیرۆریستان. باڵیۆزی دەوڵەتی كوێت ئامادەیی وڵاتەكەیشی نیشان دا كە هاوكاریی پزیشكی و خۆراك و پێداویستیی تر پێشكەشی ئاوارەكان بكات.
ئهمڕۆ پێنجشەممە 18ـی 8ـی 2016، لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (غەسان ئەلزواوی) باڵیۆزی دەوڵەتی كوێت لە عێراق و (د. عومەر ئەلكەندەری) كۆنسووڵی گشتیی كوەیت لە شاری هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی دەوڵەتی كوێت سڵاوی ئەمیر و حكوومەتی كوێتی بە (سەرۆك بارزانی) گەیاند و ستاییشی ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) كرد لە مێژووی عێراق و ناوچەكە و هەروەها سەركردایەتیكردنی شەڕی تیرۆریستان.
(غەسان ئەلزواوی) هاوكات لە وتەیەكدا سیاسەت و بۆچوونی وڵاتەكەی لەمەڕ پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە خستەڕوو و، وێڕای دەڕبرینی سوپاس و پێزانینی بۆ گەلی كوردستان لە حەواندنەوەی سەدانهەزار ئاوارە ئامادەیی وڵاتەكەیشی نیشان دا كە هاوكاریی پزیشكی و خۆراك و پێداویستیی تر پێشكەشی ئاوارەكان بكات.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی ئەمیر و حكوومەتی كوێتی كرد و ئاماژەی دا كە گەلی كوێت پێگەی تایبەتی لای گەلی كوردستان هەیە و جەختیشی لە قووڵتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بیروڕا لەبارەی مەترسییەكانی كولتووری ئینكار و دیكتاتۆری و داگیركاری ئاڵوگۆڕ كرا و، باسیش لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی مووسڵ كرا.




