٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

وەزیری پەرەپێدانی توركیا: سەقامگیری و پێشكەوتنی هەرێم یەكسانە بە سەقامگیریی و پێشكەوتنی توركیا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆك بارزانی)، لە دیداریدا لەگەڵ وەزیری پەرەپێدانی توركیا، ڕایگەیاند، هەردوولا دراوسێی یەكترین و لە یەك جیۆگرافیادا دەژین و دەبێ لە پێناو بووژانەوە و پێشكەوتندا، كار بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و ئاساییش بكەین. وەزیری پەرەپێدانی توركیایش، پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ سەقامگیری و ئاساییشی هەرێم دووپات كردەوە و گوتی، ئاساییش و سەقامگیری و پێشكەوتنی هەرێم، یەكسانە بە ئاساییش و سەقامگیری و پێشكەوتنی توركیا.

(مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی 4ـی 2016 لە سەڵاحەددین پێشوازی لە (جەودەت یەڵماز) وەزیری پەرەپێدانی توركیا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە (فارووق قایمقەچی) باڵیۆزی توركیا لە عێراق و (محەممەد ئاكیف ئینعام) كۆنسووڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان و ڕاوێژكارانی وەزارەتی پەرەپێدانی توركیا، پێك هاتبوو. 

لە دیدارەكەدا، وەزیری پەرەپێدانی توركیا سوپاسی (سەرۆك بارزانی)ـی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و سڵاوی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی توركیای بە (سەرۆك بارزانی) گەیاند. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەرێمی كوردستان، ئەوەی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی حەز بە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دەكات و پێیان باشە پێكەوە میكانیزمێكی هاوبەش بۆ بووژاندنەوەی ئابووری دابنێن. جەختیشی لەوە كردەوە كە، توركیا پاڵپشتی لە سەقامگیری و ئاساییشی هەرێم دەكات و ئاساییش و سەقامگیری و پێشكەوتنی هەرێم یەكسانە بە ئاساییش و سەقامگیریی و پێشكەوتنی توركیا و، ئامانجی توركیا ئەوەیە پەیوەندییەكانی لە هەموو بوارەكاندا لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا پەرە پێ بدات.

لە درێژەی قسەكانیدا، وەزیری پەرەپێدانی توركیا دەستخۆشیی لە (سەرۆك بارزانی) كرد و ڕایگەیاند كە لە كاتێكدا بە هۆی شەڕی داعش، هاتنی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەناخواز، دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی ئابووری و نەناردنی بەشەبوودجەی هەرێم لە بەغداوە، هەرێم كەوتبووە قەیرانێكی زۆر گەورەوە، بەڵام زۆر بە باشی ئیدارەی ئەو قەیرانە كراوە و دڵنیام هەر حكوومەتێكی تر بووایە تووشی كێشەی گەورە دەبوو، بەڵام هەرێمی كوردستان بە سەركەوتوویی خۆی لە بەردەم تەحەدییەكاندا ڕاگرتووە.

لە بەرانبەردا، (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی توركیای كرد. هەروەها جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا كردەوە و، ئەوەی خستە ڕوو كە هەردوولا دراوسێی یەكترین و لە یەك جیۆگرافیادا دەژین و دەبێ لە پێناو بووژانەوە و پێشكەوتندا، كار بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و ئاساییش بكەین.

هەر لەم دیدارەدا، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە بە گشتی و سووریا و شەڕی دژی تیرۆریستان بە تایبەتی ئاڵوگۆڕ كرا و، جەختیش لەسەر ڕاوێژ و پەیوەندیی بەردەوام لەمەڕ دواپێشهاتەكان كرایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار