کرمانج عیززەت بۆ KDP.info: هەر کاتێک باسی ئاڵا و نیشتمانێکی هاوبەش دەکرێت، خەڵک دەزانێت ئەوە گوتاری پارتییە

ڕاپەڕین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت، پارتی خۆی بە خاوەنی دۆزی کوردستان دەزانێت و لە هەموو پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکاندا ڕۆڵی پێشەنگی هەبووە، دەشڵێت: "فەرهەنگی پارتی ئەوەیە ئەو پڕۆژانەی لە هەولێر و دهۆک و زاخۆ و سۆران ئەنجام دەدرێن، لە سلێمانی، ڕاپەڕین، گەرمیان و خانەقینیش پێشکەش بکرێن."
کرمانج عیززەت، بەرپرسی لقی ١١ی ڕاپەڕین، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "پارتی خۆی بە خاوەنی دۆزی ڕەوای کوردستان دەزانێت و لە هەر پرسێکدا کە پەیوەست بێت بە بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانەوە، پارتی لە سەنگەری پێشەوەیە. ئێمە نامانەوێت لە ڕۆڵی لایەنەکانی دیکە کەم بکەینەوە، بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە پارتی ڕۆڵی یەکەمی هەبووە و پێگەکەی لە هەمووان جیاواز بووە، ئێستاش هەموو ئەو ئاستەنگ و پیلانانەی بۆ ڕاگرتنی ڕەوتی پێشکەوتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دەنرێن، تەنها بە پارتی ڕادەگیرێن. هەر لەبەر ئەمەشە نەیارانی هەرێمی کوردستان دەزانن کە ئەگەر پارتی لە مەیدانەکەدا نەبێت، هیچ هێزێکی دیکە ناتوانێت وەک پارتی بەرگری لە قەوارەی هەرێم بکات."
بەرپرسی لقی ١١ی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەش دا، "ئەمڕۆ لە کوردستاندا هەر کاتێک باسی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، نیشتمانێکی هاوبەش، یان هەر پرسێکی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی دەکرێت، خەڵک یەکسەر هەست دەکات ئەوە گوتار و هەڵوێستی پارتییە، چونکە پارتی لەو پرۆسەیەدا پێشەنگە و ئەمەش جێگەی شانازی و سەربەرزییە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان."
سەبارەت بە خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، کرمانج عیززەت ڕوونی کردەوە، "ستراتیژ و پلانی پارتی ئەوەیە خزمەتگوزاری بەبێ جیاوازی بگاتە هەموو ناوچەکانی کوردستان و سەرجەم هاووڵاتییان لێی سوودمەند بن. فەرهەنگی پارتی ئەوەیە کە ئەو پڕۆژە ئاوەدانی و خزمەتگوزارییانەی لە زاخۆ، دهۆک، سۆران و هەولێر جێبەجێ دەکرێن، بە هەمان شێوە لە خانەقین، سلێمانی، گەرمیان و ڕاپەڕینیش پێشکەش بکرێن، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی لە هەندێک دەڤەر دروست دەکرێن، ڕێگری کراوە لەوەی پارتی بتوانێت تەواوی توانا و پڕۆژەکانی بگەیەنێتە ئەو ناوچانە."
قائید میرۆ




