٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

کەسایەتییەکی کوردانی کازاخستان بۆ KDP: بەردەوام دەبین لە خەبات لەسەر ڕێبازە نیشتمانییەکەی سەرۆک بارزانی

سەرچاوە: KDP.info

جۆرجیا-KDP.info- کەسایەتییەکی دیاری کوردانی کازاخستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی سەرەکییان نزیککردنەوەی بیروباوەڕ و هزرە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردییە و جەختیش دەکاتەوە کە لە وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوودا بەردەوام دەبن لە خەبات لەسەر ڕێبازە نیشتمانییەکەی سەرۆک بارزانی.

لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی کوردانی قەفقازیا لە شاری تبلیسیی پایتەختی جۆرجیا، کە لەژێر ناونیشانی (جۆراوجۆریی ئایینی لە نێو جڤاکی کوردیدا) ساز کرا، وەزیرێ کنیازی میرزایۆف، کەسایەتیی دیاری کوردانی کازاخستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی، "ئێمە هەمیشە لەگەڵ تەبایی و یەکگرتوویی کوردانین، نەک تەنیا لە وڵاتێک، بەڵکو لە تەواوی جیهاندا. جەنابی سەرۆک بارزانی هەمیشە جەخت لە بەهێزکردنی یەکێتی و یەکڕیزیی نێوماڵی کورد دەکاتەوە، ئێمەش بەوپەڕی گرنگی و بایەخەوە لە پەیامەکانی سەرۆک بارزانی دەڕوانین و وەک نەخشەڕێگەیەک کاری پێ دەکەین، چونکە ئەوە تاکە ڕێگەی ڕاستە بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی نیشتمان."

ئەو کەسایەتییەی کوردانی کازاخستان گوتیشی، "لە نێو کوردانی وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوودا، ئێمە لەسەر ئەو ڕێبازە نیشتمانییە خەبات دەکەین و بەردەوام دەبین کە سەرۆک بارزانی بۆی داناوین."

وەزیرێ کنیازی میرزایۆف لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەش دا، "ئامانجی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کە هەموو بیروباوەڕ و هزرە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی لە یەکتری نزیک بکەینەوە و هەمووان بە هەستێکی بەرزی نیشتمانییانە بیر بکەینەوە و کار بکەین."

کاروان باعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار