سەرۆک بارزانی: كردنەوەی كۆنسووڵخانەی ژاپۆن لە هەولێر هەنگاوێكی باشە بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، بڕیاری كردنەوەی كۆنسووڵخانەی ژاپۆن لە هەولێر بە هەنگاوێكی باش بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا وەسف كرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی 4ـی 2016 لە سەڵاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (فۆمیۆ ئاوای) باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، (سەرۆك بارزانی)ـی لە بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە و داراییی گرووپی 7 لەبارەی پاڵپشتی و هاوكاریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاگادار كردەوە؛ هەروەها ئەوەیشی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند كە، وڵاتەكەی بەنیازە كۆنسووڵخانەی خۆی لە شاری هەولێردا بكاتەوە و، سوپاسی هەماهەنگی و هاوكاریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمیشی كرد بۆ ئەو مەبەستە.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق باسی ئەو هەنگاوانەی كرد كە وڵاتەكەی لە بواری هاوكاریی مرۆیی و گەشەپێدانی ئابووری بۆ عێراق لە دە ساڵی ڕابردوودا ناویەتی و، جەختیشی لە بایەخی هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان كردەوە.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی حكوومەت و گەلی ژاپۆنی كرد و، كردنەوەی كۆنسووڵخانەی ژاپۆنی لە هەولێر بە هەنگاوێكی باش بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا وەسف كرد.
لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراقیش، باڵیۆزی ژاپۆن نیگەرانیی خۆی لەبارەی قەیرانی سیاسیی عێراق نیشان دا و، (سەرۆك بارزانی)ـیش باسی لەوە كرد كە هەرێمی كوردستان دەیەوێ ڕۆڵێكی ئیجابی لە چارەسەركردنی گرفتەكان بگێڕێت و جەختیشی لەوە كردەوە، كە ئەگەر یاسا و دەستوور پەیڕەو كرابا، قەیران و كێشەی سیاسیی لە عێراقدا دروست نەدەبوو.
بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی مووسڵ و تاوتووكردنی قۆناغی دوای ئازادی مووسڵ، تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.




