سەرۆكئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا: ئەمەریكا پابەند دەبێ بە پشتیوانیكردن و یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە

ههولێر-KDP.info- له كۆبوونهوهیدا لهگهڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا، سەرۆكئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا جەختی لە بایەخی بەشداریكردنی پێشمەرگە لە شەڕی ئازادكردنی مووسڵدا كردەووە. دووپاتیشی كردەوە، كە ئەمەریكا پابەند دەبێ بە پشتیوانیكردن و یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش.
ئهمڕۆ هەینی 22ـی 4ـی 2016 لە شاری هەولێر، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ (جۆزێف دانفۆرد) سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوو لە (ستیوارت جۆنز) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و (مەتیوس میتمان) كۆنسووڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك فەرماندە و ڕاوێژكاری سەربازیی سوپای ئەمەریكا لە عێراق.
لە دیدارەكەدا بە وردی باس لە ئامادەكارییەكان بۆ ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ كرا و سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا، وێڕای ئاماژەدان بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە، پێزانینی بۆ سەركردایەتیكردنی (سەرۆك بارزانی) و قوربانیدانی پێشمەرگە هەبوو و، جەختی لە بایەخی بەشداریكردنی پێشمەرگە لە شەڕی ئازادكردنی مووسڵدا كردەووە. هەروەها ئەوەیشی دووپات كردەوە كە ئەمەریكا پابەند دەبێ بە پشتیوانیكردن و یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی سەرۆك و گەل و حكوومەتی ئەمەریكای كرد بۆ پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان و بڕیاری پێشكەشكردنی هاوكاریی دارایی بە پێشمەرگە، كە لە ڕووی پڕاكتیكی و مەعنەوی كاریگەریی ئیجابی لەسەر هێزی پێشمەرگەدا هەبووە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) هاوڕابوون كە پێویستە بەر لە پڕۆسەی ئازادكردنی مووسڵ لێكتێگەییشتن لەنێوان لایەنە كان و پێكهاتەكاندا هەبێت، ئەویش لەپێناو پارێزگاریكردن لە خەڵكی پارێزگای نەینەوا و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی كارەساتەكان، بە تایبەت دەرهەق ئێزدی و مەسیحییەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی تری پارێزگاكە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق باسی لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق كرد و سوپاسی هەڵوێستی پارلەمانتارانی كوردستانی كرد لە بەغدا، كە لە قەیرانی سیاسیدا ڕۆڵی ئیجابیی خۆیان گێڕاوە.
تاوتووكردنی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق و هاوپەیمانان لە شەڕی دژی تیرۆریستان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.





