سەرۆك بارزانی: فهرههنگی گهلی كوردستان ڕێ نادات هزری توندڕۆیی و تیرۆر لەناو كوردستاندا پێ بگرێ و گەشە بكات

ههولێر-KDP.info- له دیدارێكیدا لهگهڵ جێگری وەزیری دەرەوەی سویسڕا، دهربارهی هەڕەشەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی، (سەرۆك بارزانی) جەختی كردەوە، كە فەرهەنگی گەلی كوردستان فەرهەنگی لێبوردەیی و ئاشتی و پێكەوەژیانه و، ڕێگە نادات بە هیچ شێوەیەك هزری توندڕۆیی و تیرۆر لەناو كوردستاندا پێ بگرێ و گەشە بكات.
ڕۆژی پێنجشەممە 21ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی9 سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (ئیڤێز ڕۆسیێ) جێگری وەزیری دەرەوەی سویسڕا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و عێراق و سووریا و، هەروەها شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی مووسڵ خرایە بەر باس و، جێگری وەزیری دەرەوەی سویسڕا باسی لە بایەخی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی و وڵاتانی دۆست كرد و، ستاییشی قوربانیدان و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە و گەلی كوردستانی كرد لە شەڕی تیرۆریستان و، هەروەها پاراستنی پێكهاتەكان و حەواندنەوەی ئاوارەكان.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە هەڕەشەی تیرۆر و هزری توندڕۆیی كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە فەرهەنگی گەلی كوردستان فەرهەنگی لێبوردەیی و ئاشتی و پێكەوەژیانه و، ڕێگە نادات بە هیچ شێوەیەك هزری توندڕۆیی و تیرۆر لەناو كوردستاندا پێ بگرێ و گەشە بكات.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی گوزەرانی ئاوارە و پەنابەران ئاڵوگۆڕ كرا و، باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و دەستوور و مەسەلەی شەراكەت و مێژووی عێراق كرا؛ (سەرۆك بارزانی)یش بۆچوون و سیاسەتی هەرێمی كوردستانی لەبارەی مافی دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان و ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ شاندی میوان شیی كردەوە.





