سەرۆك بارزانی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح پیرۆز دەكات

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، لە پەیامێكدا جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح پیرۆز دەكات و ڕایدەگەیێنێت، ئێستا كە عێراق و ناوچەكەمان لە ژێر هەڕەشەی تیرۆر و توندڕۆییدایە، یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی هەموو لایەكمان، پاراستنی پێكەوەژیان و تەبایی پێكهاتە جیاجیا ئایینی و نەتەوەییەكانە.
دەقی پەیامەكە:
بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم خۆشك و برایانی خۆشەویستی مەسیحی لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای جەژنێكی پڕ لە شادییان بۆ دەخوازم.
ئێستا كە عێراق و ناوچەكەمان لە ژێر هەڕەشەی تیرۆر و توندڕۆییدایە، یەكێك لە ئەركە سەرەكییەكانی هەموو لایەكمان پاراستنی پێكەوەژیان و تەبایی پێكهاتە جیاجیا ئایینی و نەتەوەییەكانە و نابێ ڕێگە بدرێت لەژێر هیچ پاساوێكدا ئەو تەبایی و پێكەوەژیانە تێك بدرێت.
بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا خوشك و برایانی مەسیحی لە عێراقدا كەوتنە بەر هەڕەشە و نكۆڵیكاری و لە ئەنجامی هێرشی دڕندانەی داعش شوێنە مێژووییەكان و شار و گوند و ناوچەكانی خوشك و برا مەسیحییەكانمان لە پارێزگای نەینەوا كەوتنە ژێر داگیركاریی تیرۆریستان.
سوپاس بۆ خودا لەسەر دەستی پێشمەرگە، تیرۆریستان تووشی شكستی گەورە هاتوون و پشت بە خوای مەزن شكستی یەكجارەكییان نزیكە و خوشك و برا مەسیحییەكانمان بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە شوێنەكانیان. پێویستە دوای داعش ڕێوشوێنی وا بگیرێتە بەر كە چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە و هەموو لایەك بە ئاشتی لەتەك یەكتردا بژین. تاوان و دڕندەیی داعش دەبێ زیاتر هانمان بدات دەست بە بەها مرۆڤییەكانی گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە بگرین. خوشك و برا مەسیحییەكان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە كوردستان وڵاتی خۆیانە و گەلی كوردستان پاڵپشتی ئەوانە و دەبێ هەموومان بەیەكەوە بە سەربەستی و ئازادی بژین.
هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و بەختەوەری بۆ ئێوە و هەموو ساڵێك لە سایەی ئارامی و ئازادیدا جەژنەكانتان پیرۆز بكەن.
مەسعوود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
24ـی 12ـی 2015




