٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان وردەکاریی پڕۆژەی شاری شەهیدان لە سۆران بۆ KDP.info دەخاتەڕوو

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی (شاری شەهیدان) لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە خێرایی بەڕێوەدەچێت و بڕیارە زیاتر لە ١٦٠ خانووی سەردەمیانە بۆ کەسوکاری شەهیدان دروست بکرێن.

کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لەپێناو زیاتر خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە نزیک پردی چل مەتریی شاری سۆران دەستکراوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی شاری شەهیدان، کە تێیدا خانووەکان بە شێوازێکی سەردەمیانە دروست دەکرێن و سەرجەم خزمەتگوزارییە پێویستەکان لەخۆدەگرن."

سەبارەت بە شوێن و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کارەکان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدانی سۆران ئاماژەی بەوە دا کە ئەو زەوییەی بۆ پڕۆژەکە تەرخان کراوە یەکێکە لە باشترین شوێنەکانی سۆران. گوتیشی، "دەستکراوە بە دروستکردنی خانووەکان و کۆمپانیای جێبەجێکار هەوڵ دەدات بە زووترین کات و بە بەرزترین کوالێتی پڕۆژەکە تەواو بکات، تاوەکو لە داهاتوویەکی نزیکدا بەسەر کەسوکاری شەهیداندا دابەش بکرێن، هاوشێوەی ئەو گەڕەکانەی پێشتر لە شار و شارۆچکەکانی دیکە بە ناوی شەهیدانەوە دروست کراون."

کەریم کاوە وردەکاریی سوودمەندبووانی پڕۆژەکەشی ئاشکرا کرد و گوتی، "پڕۆژەکە زیاتر لە ١٦٠ یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت و تایبەتە بە کەسوکاری شەهیدانی شەڕی بەرگری دژی تیرۆریستانی داعش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەگەڵ پۆلێک لە شەهیدانی سنووری سپیلک کە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە شەهید بوون."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ (KDP.info)، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدانی سۆران دووپاتی کردەوە، "هەرچەند خزمەت بە کەسوکاری شەهیدان بکرێت، ناگاتە ئاستی دڵۆپێک خوێنی ئەوان، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو توانایەکی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ خزمەتکردنیان لە ڕووی دابینکردنی مووچە، ماف و ئیمتیازات، یەکەی نیشتەجێبوون، پارچە زەوی و هاوکاریی دارایی، و ئەم خزمەتگوزارییانەش بەردەوام دەبن."

محەمەد حاجی

هەواڵی پەیوەندیدار