٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

مەسروور بارزانی: لووتکەی جیهانیی لاوان دەرفەتێکە بۆ نیشاندانی توانای گەنجانی کوردستان بە جیهان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، پانێڵی تایبەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە یەکەمین لووتکەی جیھانیی لاوان لە ھەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوو. 

بەشێکی پانێڵە تایبەتییەکەی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی: 

پێشکەشکار: زۆر بەخێرھاتن جەنابی سەرۆکوەزیران. سڵاو و بەخێربێن میوانە بەڕێزەکان. وەک جەنابتان دەبینن، ئەمڕۆ ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە لە لووتکەی جیھانیی لاوان. نزیکی ٨٠٠ کەس دەبین لەم ھۆڵەدا، و زۆر زۆری دیکەش لەگەڵمانن بە ئۆنڵاین و لە رێی تیڤییەکانەوە. بێگومان زۆر میوانی بەڕێز و خۆشەویست لە بەرپرس و وەزیر و وڵاتە جیاوازەکان و خەڵکی لێیە لە ٤٧ وڵاتی جیاوازی جیھانەوە. حەز ئەکەم بە یەک پرسیار دەست پێ بکەم و بۆچوونی جەنابتان بزانم لەسەر ئەوەی کە بە بڕوای ئێوە کۆبوونەوەی ئێمە ئەمڕۆ لێرە، بەتایبەت لەبەر گەنج، ھیواخوازن چی لێ بکەوێتەوە؟ 

سەرۆکوەزیران: زۆر زۆر سوپاس. رێگەم بدە پێشەکی منیش بەخێرھاتنێکی گەرمی ھەموو بەشداربووان و میوانانی ئازیز بکەم. بەخێربێن بۆ ھەولێر، بەخێربێن بۆ کوردستان، بەخێربێن بۆ ماڵی خۆتان. زۆر زۆر خۆشحاڵ و سەرفەرازین بە ئامادەبوونتان بەتایبەتی میوانە بەڕێزەکان کە لە دوورەوە ھاتوون، ھیوادارم کاتێکی خۆشتان ھەبێت و ئارەزووی سەرکەوتنی ئەم لووتکەیە بۆ ھەمووتان دەکەم. 

زۆر زۆر سوپاس. ھەروەھا دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم لووتکەیە دەکەم لە کوردستان فاوندەیشن، بەڕاستی کارێکی ناوازەیە کە بۆ یەکەم جار لووتکەی جیھانیی لاوان لە ھەولێر دەبەسترێت. ھیوادارم ئەمە دەستپێک و سەرەتایەک بێت بۆ بەستنەوەی پەیوەندیی نێوان لاوانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لاوانی جیھان، و ئەمە ببێت بە دەستپێکێک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونەکان بۆ پێگەیاندنی گەنجەکان و دەرخستنی دەرفەت بۆ ئەوەی توانای گەنجەکانی ئێمەش وەکوو ھەموو گەنجانی تری جیھان بخرێتەڕوو و ھەموو بەیەکەوە بتوانین ھاوکاری یەکتر بین و وڵاتێکی باشتر، سەقامگیرتر بۆ ھەموومان وێنا بکەین. 

بۆیە پێم وایە ھەر لە وەڵامی پرسیارەکەی جەنابیشت ئەمە کارێکی زۆر زۆر جوانە. من دەستخۆشیتان لێ دەکەم کە ئەم کارەتان کردووە. بەشداریی ئێمەش بێگومان بۆ پشتیوانیکردنە لە توانای گەنجانی خۆمان لەم جۆرە بۆنانە، و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. 

پێشکەشکار: لەم چەند رۆژەی داھاتوو بینەری کۆمەڵێک گفتوگۆی زۆر سەرنجڕاکێش دەبین، بەس یەکێک لەوانەی کە خۆم زۆرم حەز لێ بوو لەسەر سەرکردەبوونە. بە ڕای جەنابتان سەرکردە لە دایک ئەبێت یان دروست ئەکرێت؟ 

سەرۆکوەزیران: پێم وایە ھەردووکیەتی. بەشێکی ئەوەیە کە تۆ لە رووی جینەتیکی و لە رووی توانای جەستەیی و بیرکردنەوە، ئەمە ئەبێ خوا تا حەدێک یارمەتیت بدات. بەڵام بەشەکەی تری ئەوەیە خۆت چۆن خۆت پێ دەگەیەنیت، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژیت، لەو تاقیکردنەوانەی ژیان چۆن خۆت ئەتوانیت خۆت تاقی بکەیتەوە، چەند دەتوانی خۆت پێ بگەیەنی، فێر بیت لە دەوروبەرت، لە کۆمەڵگاکەت، چۆن دەتوانی بڕیاری دروست بدەیت، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا بێئومێد نەبیت. بێگومان ھەموو ئەوانە کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی کەسایەتیی ئەو کەسە دەبێت کە بتوانن ببن بە سەرکردە. 

سەرکردایەتی مانای جیاوازی ھەیە. ئینسان ھەر کەسێک لە ژیانی خۆیدا پێویستە جۆرە سەرکردایەتییەک بکات لە بەڕێوەبردنی ژیانی خۆی، کەسوکاری خۆی، بنەماڵەی خۆی، کۆمەڵگەی خۆی؛ بەڵام تاکوو گەورەتر دەبێ و فراوانتر دەبێ، بێگومان پێگەی جەماوەری کە زیاتر دەبێ سەرکردەش ئەرکی قورستر دەبێ. کەواتە دروستکردنی متمانە، تێگەیشتن، گوێڕاگرتن، تێکەڵبوون، شێوازی پەیوەندیکردن بەینی سەرکردە و ھاووڵاتی، ئەمە ئەرکێکی یەکجار گرانە و گرنگیشە، و ھەر سەرکردەیەک دەتوانێ سەرکردەیەکی سەرکەوتوو بێت کە بتوانێت متمانەی خەڵکی خۆی بەدەست بھێنێت. 

پێشکەشکار: گوتەکانت زۆر جوان بوون لەسەر خەسڵەتەکانی سەرکردە، خۆم بەتەما بووم یەکسەر پرسیارێکت لێ بکەم بە ڕای تۆ خەسڵەتی سەرکردەیەکی باش چییە بەس یەکسەر وەڵامیشیت دایەوە. حەز ئەکەم پرسیارێکی شتێکی ترت لێ بکەم، تۆزێک سادەتر و کەسییە، ئەویش ئەوەیە لە رۆژانی ژیانی خۆتدا کە ئیتر چیتر سەرۆکوەزیران نیت، لەو بەشەی رۆژەکە ئیسراحەت ئەکەیت و پشوو دەدەیت، حەز ئەکەم بزانم خۆت بە چییەوە خەریک ئەکەیت؟ حەز و خولیایەک ھەیە، یان زیاتر سەرنجت لەسەر ئەوەیە کات لەگەڵ خێزانەوە بەسەر بەری؟ 

سەرۆکوەزیران: ئەگەر کاتم ھەبێت منیش بێگومان حەز و خولیام ھەیە و حەز ئەکەم ھەندێ جار کات بەسەر بەرم. من لەبەر ئەوەی زۆر کاتم نییە، لەو ماوە کەمەی کە ھەمە حەز ئەکەم لەگەڵ خێزان و منداڵەکان و ئەوانە کات بەسەر بەرم. بەڵام ئەگەر زیاد لەوەش ھەندێ جار مەجالم ھەبێ، من حەزم لە ئەسپسوارییە. حەز ئەکەم جار بە جار بچم بۆ ئەسپ سواری، وەرزش دەکەم، و ھەندێ جاریش ئەگەر ڕوخخەت ھەبێ بچم دەوروبەر ببینم، بەتایبەتی من زۆر حەزم لە سروشتە، بچم لە دەرەوە تۆزێک سروشتی جوانی خۆشمان ببینم. پێم خۆشە، بەڵام ئەمە ھەمووی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی چەند کات ھەیە بۆ ئەم جۆرە کارانە. 

پێشکەشکار: ئەگەر خوا بیدات. 

سەرۆکوەزیران: بەڵێ، ئەگەر خوا بیدات. 

پێشکەشکار: ھاوکاتیش حەزتان زۆر لە وێنەکێشانە جەنابتان، حەزم کرد بزانم ئەمە حەز و خولیایەکە لە گەنجی و لەگەڵتایە یان لە تەمەنێکی دواترا پێی ئاشنا بوویت؟ 

سەرۆکوەزیران: وەڵا من کە ھەر زۆر منداڵ بووم حەزم لە وێنەکێشان بوو. حەزم لێ بوو و وردە وردە ھەوڵم دەدا و کارم تێدا دەکرد. دواتر ھەوڵم دا تۆزێک خۆم زیاتر فێر کەم، ھەندێ مامۆستا ھەبوون کە توانییان یارمەتیم بدەن لە دروستکردنی وێنەکێشان، بەتایبەتی وێنەی دھنی، ئەوەی زەیت لەسەر کانڤاس و ئەو جۆرانە، یەعنی بە شێوەیەکی پرۆفێشناڵ توانیم خۆم پێ بگەیەنم. دواتر لە زانکۆش ھەوڵم دا زیاتر پەرە بە تواناکانی خۆم بدەم لە وێنەکێشان و لەم جۆرە کارانە. ئیتر ھەر کاتێک وەختم ھەبێت و کاتم ھەبێت، ھەندێ جار خۆمی پێوە خەریک دەکەم. 

پێشکەشکار: زۆر باشە، کەمێکی تریش دێمەوە سەر زانکۆکە. بەس ھەر لەسەر بابەتی گەنج و حەز و خولیا، یەکێک لەو بابەتانەی کە ئێستا گەنجێکی زۆر پێی خەریکن یارییە ئەلیکترۆنییەکانە، و نەک تەنھا ئەوەی سەرنجمدابێ لە ھەرێمی کوردستان بەکارھێنەری یارییە ئەلیکترۆنییەکان بن، بەڵکوو خەڵکانێکی باشیشمان ھەن ئێستا کە خەریکن دروستی ئەکەن. حەزم کرد بزانم جەنابتان دوور و نزیک ئاگاتان لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان ھەیە یاخود قەت یاریتان پێ کردووە؟ 

سەرۆکوەزیران: وەڵا تا حەدێک منیش ئەیبینم و ئاگام لێیە، و ئێستا شتی زۆر جوان و خۆش دروست کراوە، بەڵام من زۆر لێی نازانم. گەنجتر بووم تۆزێک ھەوڵمان دەدا، یەعنی ئارین زۆر منداڵ بوو، ھەندێ جار لەگەڵ ئەو یاریی فوتبۆڵێنەمان دەکرد، بەڵام ھەموو جار لێی دەبردمەوە! ئینجا جارێکیش بیرمە لەگەڵ برازام و خوشکەزام، ئەوانیش یارییان دەکرد و ویستم لەگەڵیان یاری بکەم، بیستم یەکێکیان لەگەڵ ئەوەی تر قسەی دەکرد، گوتی با خۆمان بدۆڕێنین و لێگەڕێین بیباتەوە! دوای ئەوە ھەستام گوتم بەخوا یاریتان لەگەڵ ناکەمەوە! 

ئینجا من زۆر لێی نازانم، بەس ئەکید شتی جوان دروست کراوە و پێشم خۆشە ئەگەر گەنجی ئێمە گەیشتبێنە ئەو ئاستەی کە بتوانن خۆیان یاری دروست بکەن. زۆر یاریی کۆنی کوردی ھەیە دەتوانن ئەوانە زیندوو بکەنەوە، بە رێگەی ڤیدیۆ و ئەم جۆرە یارییانەی کە بە رێگەی تەکنەلۆژیاوە دەکرێ ھەموو کەسێک سوودی لێ ببینێت. بەڵام ئەوەی من حەز ئەکەم و داواش دەکەم لە گەنجەکان و لە منداڵەکان، ئەوەیە کە بتوانن خۆیان فێری ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایە بکەن کە شتێکی باشە، بەڵام تەکنەلۆژیا نەبێتە جێگرەوەی ژیانی ڕۆژانە، نەبێتە جێگرەوەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەگەڵ کەسوکار، لەگەڵ خێزان، لەگەڵ دایک و باوک، لەگەڵ ھاوڕێ و دۆست. بۆیە گرنگە تەوازونێک ھەبێت، یەعنی باڵانسێک ھەبێت لە بەینی ئەوەی تا چەند ئەچیتە ئەم جیھانە نوێیە، بەڵام ئەبێ لە جیھانی ڕاستەقینەی کە تێیدا دەژیت دانەبڕێیت. بۆیە راگرتنی ئەو تەوازونە پێم وایە شتێکی گرنگە و گەنجەکان بیریان بێت. 

پێشکەشکار: رەحمەتت لێ بێت، خۆم زۆر زۆر ھاوڕام. خۆشبەختانە ئێستا گەنج بۆی ھەیە حەز و خولیای ھەبێت، بەڵام ئەگەر ھەڵە نەبم جەنابتان تەنھا تەمەنتان ١٦ ساڵ بوو کە بۆ یەکەم جار بوون بە پێشمەرگە. حەز دەکەم بزانم ئایا ھەلومەرجەکە لەو کاتە ئەبێ چۆن بووبێت کە پێویستی کردبێ تەنانەت جەنابیشتان چەک ھەڵبگرن، و ئایا ئەوە یەکەم جار بوو لە ژیانتدا کە تۆ رووبەڕووی بەرپرسیارێتی ببیتەوە؟ 

سەرۆکوەزیران: ئێمە ئاوارە بووین کە من تەمەنم ١٦ ساڵ بوو، ئێمە ئاوارە بووین، پەنابەر بووین لە وڵاتێکی دراوسێ، و ئەو وەختە من لە قوتابخانەش بووم، لە دواناوەندی بووم، ساڵێکم مابوو. بەڵام ھاوینان زۆر زۆر حەزم دەکرد ژیانی پێشمەرگایەتی بژیم. باوەڕ بکە ئەو کەسە گەورانەی کە دەمبینین لە دەوروبەرم، ھەموو ئەو کەسانەی کە شانازیم پێوە دەکردن، بەوانەوە سەرسام بووم، ھەموویان پێشمەرگە بوون، لە باوکمەوە لەگەڵ ھەموو کەسوکار و ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە دەمبینین، ژیانم تێکەڵ بەوان بوو. بۆیە ھیچ رۆژێک لە رۆژان خۆم جیا نەبینیوەتەوە، یەعنی کە چەکیشم ھەڵگرت و ویستم ببم بە پێشمەرگە، ویستم وەکوو ئەوان بم. ویستم ژیانی ئەوانە تاقی بکەمەوە چونکە خولیایەک لە ناومدا ھەبوو، حەز و ویستێکم ھەبوو کە ھەمیشە زۆر زۆر سەرسام بووم بە ژیانی پێشمەرگایەتی و حەزم دەکرد ببم بە پێشمەرگە. خەڵک زۆر بوو، گەنج زۆر بوون و ھەموویان دەیانویست ببن بە پێشمەرگە، بەڵام ئەو فەترەی کە ھەمبوو، ھەرچەندە ھیچ فورسەتێکی تریش نەبوو ئینسان یانی من ژیانێکی ئەوەندە ئاسانمان نەبوو لە پەنابەرایەتی. 

بۆیە حەزم دەکرد ئەو کاتەی کە ھەمە لە شاخەکان لەگەڵ پێشمەرگە، بوونێکی ئەوەت ھەبێ، یانی ھەست بە ئازادییەکی رەھا بکەیت لەم شاخ و داخانە، وەکوو پێشمەرگە بژیت، شتێک بوو بەڕاستی زۆر زۆر پێم خۆش بوو. کەواتە نەک لە ناچاری بوو، بەڵکوو لە حەز و ویستی خۆم بوو کە دەمویست ببم بە پێشمەرگە. 

پێشکەشکار: بمزانیایە ئایا ئەتوانین ھەر ناوی پانێڵەکە بگۆڕین بۆ ئەوەی کە کاتێ خۆت بەدوای بەرپرسیارێتیا دەچیت نەک کاتێ بەرپرسیارێتی تۆ ئەدۆزێتەوە. 

سەرۆکوەزیران: ھەموو کەسێک لە ژیانی خۆیدا رووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەبێتەوە، مەرج نییە تۆ ھەموو جارێک بتەوێ بەرپرسیار بیت، ھەندێک جار راستە ئەوەی کە جەنابت ئەڵێی بەرپرسیارێتی یەخەت دەگرێ، بتەوێ و نەتەوێ قورسی ژیان ھەر یەکە بە قەدەر وەزعی خۆی دەبێ ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی ببێتەوە. 

پێشکەشکار: بێگومان. حەز ئەکەم باسی شتێکی تریش بکەین کە بۆ من زۆر خۆش و بەچێژە، ئەویش زمانزانییە. ھەرچەندە خەڵکانێکی زۆر ھەن کە لەوانەیە بڵێن بەھۆی بەرەوپێشچوونەکانی ژیریی دەستکردەوە لەوانەیە لە داھاتوویەکی زۆر نزیکدا زمانزانی ئەو پۆز و گرنگییەی جارانی خۆی نەبێت. بەڵام جەنابتان ئینگلیزی و کوردی و عەرەبییەکی زۆر جوان ئەزانن، و بەتایبەت سەرنجم لەسەر ئینگلیزییەکەیە و حەز ئەکەم بزانم جەنابتان چۆن فێری بوون؟ 

سەرۆکوەزیران: من ھەر لە سەرەتاوە لە قوتابخانە ھەندێک بابەتی ئینگلیزی ئینسان دەخوێنێ. حەزم دەکرد زوو فێر بم، بەڵام تا تەقریبەن تەمەنی گەنجایەتی ئەوەندە باش نەبووم. دوای ئەوەی کە توانیم، ھەرچەندە تۆزێک درەنگ فریاکەوتم بگەڕێمەوە بۆ زانکۆ، چونکە من لە تەمەنی ١٧ ساڵییەوە دواناوەندیم تەواو کرد بەڵام تا تەقریبەن ٢٢ ساڵی نەمتوانی بگەڕێمەوە بۆ زانکۆ. 

لەو فەترەیە ھەوڵم دا تا رادەیەک ئینگلیزییەکەم باش کەم. دوای کە دەرفەتم ھەبوو من چووم بۆ لەندەن و دوای ئەوەش بۆ ئەمریکا. لەوێ لە زانکۆ زۆر زۆر ھەوڵی جددیم دا، بەتایبەتی لە بەریتانیا ھەوڵی فێربوونی زمانم دا تا رادەیەک باش بووم، بەڵام کە دواتر چوومە زانکۆش لەوێ ھەر بەردەوام بووم لەوەی کە فێری زمانی ئینگلیزی بم. 

لەگەڵ رێزم، بەڵام پێم وایە تەکنەلۆجیا ناتوانێ جێگرەوەی فێربوونی زمان بێت. زمانزانی شتێکی گرنگە، ھەر کەسێک زمانێک زیاتر بزانێ ھێزی ئینسانێکی تر دروست دەکات لە خودی خۆیدا، بۆیە ھەر زمانێک ھێزێکە و توانایەکی زیاترە بۆ مرۆڤ. من حەز دەکەم، بەتایبەتی ئەو زمانانەی کە لە دەوروبەری ئێمە ھەن و مامەڵەی رۆژانەمان لەگەڵ ئەو نەتەوانە ھەیە و لەگەڵ دونیای دەرەوەش، ئێستا دونیا ھەمووی بچووک بووەتەوە، یانی ھەر زمانێک فێر بی سوودێکی ھەیە بێگومان و من ھیوادارم یانی ھێشتاش حەز دەکەم بەردەوام بم ئەگەر توانیم ھێشتا زمانی تریش فێر بم. 

پێشکەشکار: بە بڕوای جەنابتان زانینی زمانی جیاواز، بێگومان و خۆت ئەو زمانانە دەزانیت و لە چەندین کۆمەڵگەی جیاوازیشدا ژیانت کردووە، لەو بڕوایەدایت کە ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی ھەبووبێت لەسەر تێڕوانینتان بەرامبەر ژیان یان ئاسانکردنی کارەکان بۆ ئێوە؟ 

سەرۆکوەزیران: بێگومان فێربوونی زمان، بەتایبەتی ئەگەر زمانزانی تەنیا بۆ قسەکردن نەبێت، بەڵکوو بۆ خوێندنەوەی کولتوور و مێژووی ئەو نەتەوەیە بێ کە بەو زمانە قسە دەکات کاریگەری دەکات. لەوەی کە بزانی نەتەوەیەک مێژووی چۆن بووە، چۆن دروست بووە، بە چی گەیشتووە؟ ئەمانە ھەمووی دەتوانن وەکوو وانە بن بۆت لێیان فێر بیت. 

ھەر نەتەوەیەک، ھەر زمانێک مێژوویەکی پڕ ئەزموونی ھەیە بۆ خۆی کە دەکرێت بە تێگەیشتنی کولتووری خۆیان لە رێگەی زمانی ئەوان، زیاتر تێکەڵاوبوونت لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باشتر بێت و زیاتر لە بۆچوونی ئەوان تێبگەیت. کە زۆر زۆر گرنگە لە ژیانی سیاسیدا، تۆ تەنیا لە روانگەی خۆتەوە سەیری دونیا نەکەیت، بەڵکوو بزانی لایەنی بەرامبەریشت چۆن سەیری دونیا دەکات، تێڕوانینی بۆ بابەتەکان چۆنە، ئەمە زۆر یارمەتیدەر دەبێ لەوەی کە باشتر بتوانن لە یەکتر تێبگەن. 

پێشکەشکار: دواتر جەنابتان بۆ خوێندن چوونە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا و زۆرم پێ خۆشە ھەمان بەشی منتان خوێندووە ئەویش پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە.، حەز ئەکەم بزانم ئەزموونی جەنابتان چۆن بوو بۆ چوونە وڵاتێکی زۆر نامۆ و دوور بۆ خوێندن، و لە ھەمان کاتیشا ئایا بەلای جەنابتانەوە ئاساییە گەنجی خۆمان بۆ خوێندن روو لە دەرەوەی وڵات بکەن؟ 

سەرۆکوەزیران: ئەمریکا وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، یانی تۆ ئەبینیت کە بەتایبەتی قوتابی لە زۆربەی وڵاتانی دونیا ھاتوون بۆ ئەو زانکۆیە، من لە زانکۆی ئەمریکی لە واشنتن خوێندم. قوتابی لە زۆر وڵاتانی تر، لە ئاسیا، ئەفریقا، ئەوروپا، ئەمریکا، ئەمریکای لاتین، لە ھەموو شوێنێک ھەبوون، کەواتە من تەنیا جیاواز نەبووم، خەڵکی تریش ھەر یەکە بە جۆرێک جیاوازییەکیان ھەبوو. 

ئەوەی بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو، من ھەستم دەکرد کە من گەنجێکم دەرفەتێکم بۆ رەخساوە بێم لە وڵاتێکی زۆر پێشکەوتوو لە زانکۆیەکی باش بخوێنم، و ھەستم دەکرد بەرپرسیارێتییەکی زۆر زۆر گەورەتر لە خۆم لەسەر شانمە. زۆرجار بیرم دەکردەوە، دەمگوت ئەبێ چەند گەنجی کورد لە من زیرەکتر و بەتواناتر و باشتر ھەبن بەڵام ئەم دەرفەتەیان بۆ نەڕەخساوە. کەواتە ئەبێ ھەرچی بتوانم بیکەم، من تاکە کوردێک بووم ئەو وەختە لەو زانکۆیە، شتێکی وا بکەم گەنجەکان، قوتابییان، ھاوڕێیان، مامۆستایان بزانن کە منیش لەوانی تر کەمتر نیم ھیچ نەبێ. زۆر زۆر خۆم ماندوو دەکرد لەوەی وانەم زۆر دەخوێند، دەرسەم زۆر دەخوێند، زۆر زۆر بە جددی چوومە ناو دەرسەکان بەس بۆ ئەوەی خاڵێک ئیسبات کەم کە منیش وەکوو ئەوانی تر دەتوانم، چونکە پێم وابوو کە سەیری من دەکەن سەیری کورد دەکەن. ناڵێن فڵانە کەس، بەڵام دەڵێن کوردێک، ئایا ئەم کوردە دەتوانێ سەرکەوتوو بێ یان نا؟ و مەبەستم سەرکەوتن نەبوو تەنیا، من دەمویست ببم بە یەکەمەکان و بە خوا بە زیاد بێ توانیم ئەوەش بکەم. 

پێشکەشکار: زۆرم بەلاوە جوان بوو بە جۆرێک باسی شوناسیشت کرد، چونکە بەتەما بووم ھەر لێت بپرسم کە ئایا ھەستت بە جیاوازییەکی زۆر دەکرد لەگەڵ ھاوپۆلەکانتا تەنھا لەبەر ئەوەی کە تۆ لێرەوە ھاتوویت؟ بەڵام ئەوەم بەلاوە جوان بوو کە ئەو بەرپرسیارێتییەی تۆ ھەستت پێ کردبوو لەو لایەنەشەوە بوو کە دەتوت ئەم دەرفەتە دراوە بە من و ئەبێ کارێک بکەم کە خەساری نەکەم. پێشکەشکار: ئەی لە کاتەکا کە زۆر خەریکی دەرس و دەور و سەعیکردن بووی، ھاوڕێ و شتت پەیا کردبوو؟ 

سەرۆکوەزیران: بێگومان، ھاوڕێشم ھەبوو. 

پێشکەشکار: و ئەگەر یەکێک لەو ھاوڕێیانە ئێستا بھێنینە سەر ئەم سەکۆیە لەو بڕوایەدایت چۆن باسی جەنابتان دەکەن لەو سەردەمەدا؟ 

سەرۆکوەزیران: زەحمەتە بڵێم ئەوان چۆن باسیان دەکردم، بەڵام پێم وایە دەبووایە بڵێن کەسێکی جددی بووە، لەوانەیە زۆر خۆش نەبووبم بۆ ئەوەی بۆ دەرچوون و ئەوانە چونکە زۆر زۆر تەرکیزم لەسەر خوێندن بوو. 

پێشکەشکار: دوای ماوەیەک لە گەڕانەوەتان بۆ ئێرە لە دوای خوێندن، لە دوای ماوەیەک دەزگای خێرخوازیی بارزانیتان دامەزراند. حەز ئەکەم بزانم دیدگاتان چی بوو ئەو کاتە لە دامەزراندنی رێکخراوێکی لەو جۆرە کە لەو بڕوایە نیم لەو کاتە رێکخراو و شت زۆر باو بووبێت؟ 

سەرۆکوەزیران: چەند ھۆکارێک ھەبوو. ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین پڕە لە سامان و سەروەتێکی سروشتی و نیشتمانیی گەورە، بەڵام بەداخەوە ئێمە نەمانتوانیوە زۆر سوود وەربگرین. لەبەر ئەوە نەتەوەی ئێمە لە ئاستی پێویستدا خزمەت نەکراوە. لە زۆر رووەوە زۆر کەس ھەبوون بە دوای ئەو ھەموو شەڕ و کوشتار و گرتن و وێرانکردن. وەک دەزانیت ٤٥٠٠ گوند و لادێی کوردستان وێران کرا، خەڵکێکی زۆر پەنابەر بوو یان بەرەو کەمپەکان بەڕێ کرا. کەواتە دوای ئەو ماوەیە بینیمان خەڵکێکی زۆر ھەیە بەداخەوە، بەڵام ئاستی بژێوی بەو جۆرە نییە کە بتوانێ یارمەتی خۆی و خێزانی بدات، تەبعەن ئێستاش ھێشتا خەڵکێکی لەو جۆرە ماوە، و پێم وابوو ئێمە دەبێت یارمەتی یەکتر بدەین لە ڕێگەی دەزگایەکی خێرخوازی کە منەتی تێدا نەبێت. و بۆچیش ناوی بارزانیمان ھەڵبژارد؟ چونکە جەنابی بارزانی نەمر ھەموو تەمەنی خۆی تەرخان کرد بۆ خزمەتی گەلەکەی، یانی ھەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەتی گەل و نەتەوەکەی، پێم وابوو لە لایەکەوە درێژەپێدانی ئەم بیر و بۆچوونەی جەنابی بارزانی نەمر لە خزمەتکردن دەبێت قەت نەوەستێ. لە لایەکی ترەوە پێم وابوو ئێمە قەرزاری ئەو زاتە گەورەین و دەبێت ھەر شتێک دەکەین بە ناوی ئەوەوە بێ بۆ ئەوەی ئێمە جارێکی تر بتوانین خزمەتی ئەو رێبازە بکەین کە خۆی داینابوو. کەواتە رێزگرتن لە ناوی جەنابی بارزانی نەمر ھەروەھا گەیاندنی ئەو پەیامە بە خەڵک لە رێگەی دەزگایەکی خێرخوازییەوە منەتیشی تێدا نییە، چونکە دەزگای خێرخوازی بەبێ جیاوازی سیاسی، جوگرافی، نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان بەڵکوو لە وڵاتانی دەوروبەر و بگرە تاکوو ئەفریقا و ئاسیا و زۆر شوێنی تریش حەتتا ئەوروپا، ئێمە دەزگای خێرخوازی بارزانی توانیویەتی بچێت و لە نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا بە فەرمی ناسراوە. 

کەواتە بووەتە ڕێکخراوێکی جیھانی کە جێگەی شانازییە بۆ ھەموو کوردێک و من بە شانازی دەزانم کە لە سەرەتاوە دەستمان بە دروستکردنی ئەم رێکخراوە کرد، بەڵام لە سەرەتاوە زیاتر بیرۆکە ئەوە بوو کە ئێمە بتوانین ئەوەی لە تواناماندا ھەیە بیگەڕێنینەوە، بیدەین بەو خەڵکەی کە ناچارن و پێویستییان بە یارمەتییە بەبێ ئەوەی ھیچ منەتێکی تێدا بێت. ئەمە زۆر گرنگە، تۆ خێر دەکەی نابێ منەتی تێدا بکەی. بۆیە من پێم وابوو پەیامی دەزگا ئەوەیە کە من بەوە کۆتایی پێ دێنم ھەر وەکوو جەنابی بارزانی نەمر دەفەرمووێت: بۆ ئینسان شانازییە خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار