بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران بۆ KDP.info: سبەی لە چۆمان ٦٠٠ پارچە زەوی دابەش دەکرێن

سۆران-KDP.info- لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، سبەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە قەزای چۆمان سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەست پێ دەکات.
لەمبارەیەوە خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لە درێژەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، سبەی چوارشەممە ٢٥ـی ١١ـی ٢٠٢٦، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران و لە قەزای چۆمان دەست بە دابەشکردنی پارچە زەوی دەکرێت".
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران ئاشکراشی کرد، "لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی چۆمان، ٦٠٠ پارچە زەوی لە ڕێگەی سیستەمی خاڵبەندی و بە شێوەی تیروپشک بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکەدا دابەش دەکرێن".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم هەنگاوە قۆناغی سێیەمی دابەشکردنی زەوییە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران و لە قۆناغەکانی داهاتووشدا بەردەوام دەبین لە دابەشکردنی زەوی لەو شارەوانییانەی نەخشە و زەوییان بۆ دیاری کراوە، تاوەکو سەرجەم ئەو فەرمانبەرە شایستانەی مەرجەکان دەیانگرێتەوە، سوودمەند بن".
محەمەد حاجی




