سهرۆكی ئهنجوومهنی پیرانی ئیتاڵیا: گەل و حکوومەتی ئیتاڵیا خۆشحاڵن لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) هاوکار و هاوسەنگەر بن دژی تیرۆریستان

ههولێر-KDP.info- سهرۆكی ئهنجوومهنی پیرانی ئیتاڵیا ڕایگهیاند، (سهرۆك بارزانی) لای ئێمە پێگەیەکی زۆر بەهێزی هەیە و، سەرکردەیەکه کە خزمەتی هەموو مرۆڤایەتی دەکات و، گەل و حکوومەتی ئیتاڵیا خۆشحاڵن لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) هاوکار و هاوسەنگەر بن دژی تیرۆریستان.
ڕۆژی چوارشهممه 23/12/2015 لە سەڵاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (پێترۆ گراسۆ) سهرۆكی ئهنجوومهنی پیرانی ئیتاڵیا و شاندێكی یاوهری كرد کە پێکهاتبوو لە (مارکۆ کارنێلۆس) باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و (دکتۆر ئەلێساندرا دێ پیپۆ) کۆنسووڵی ئیتاڵیا لە هەولێر و ژمارەیەک دیپلۆماتکار و ڕاوێژکار.
له دیدارێكدا سهرۆكی ئهنجوومهنی پیرانی ئیتاڵیا خۆشحاڵی خۆی بهو دیداره و پهیوهندییهكانی نێوان ئیتاڵیا و ههرێمی كوردستان دهربڕی و، پێزانینی بۆ خۆڕاگری و خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان هەبوو. هەروەها وێڕای پیرۆزبایی لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە، ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرد و سەرەخۆشیشی لە (سەرۆك بارزانی) و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
سهرۆكی ئهنجوومهنی پیرانی ئیتاڵیا، ههروهها ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) لە سەركردایەتیكردنی دۆخەكە و شەڕی داعش و دروستكردنی سەقامگیری بەرز نرخاند و ڕایگەیاند، کە بەڕێزیان لای ئێمە پێگەیەکی زۆر بەهیزی هەیە و سەرکردەیەکه کە خزمەتی هەموو مرۆڤایەتی دەکات و، گەل و حکوومەتی ئیتاڵیا خۆشحاڵن لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) هاوکار و هاوسەنگەر بن دژی تیرۆریستان.
سهرۆكی ئهنجوومهنی پیرانی ئیتاڵیا ئەوەشی ڕوون کردەوە، کە ئیتاڵیا جگە لە بواری هاوکاریی سەربازیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، حەز دەکات لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر پەرە پێ بدات، بەتایبەتی لەبوارەکانی شوێنەوار و تەندروستی و خوێندنی باڵا و یارمەتیدانی ئاوارەکان، کاری جیددیش دەکەن بۆ ئەوەی پشتیوانیی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەن، کردنەوەی کۆنسووڵگەریی وڵاتەکەشی لەهەولێر وەک بەڵگەی ئەو خواستە نیشان دا.
هەروەها سوپاسی گەل و حکوومەتی كوردستانیشی كرد كە سەرباری بوونی گرفتی گەورە، بە دڵفراوانییەوە پێشوازییان لە ئاوارەكان كردووە، بەبێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و ئەو هەڵوێستەی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند کە پێزانینی زۆرمان بۆ ئەو کارە مەزنە هەیە.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هاوپەیمانان و حكوومەت و گەلی ئیتاڵیایشی كرد، كە لە كاتی تەنگانەدا پاڵپشتیی خۆیان بۆ گەلی كوردستان ڕاگەیاند و هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون. خۆشحاڵیی خۆیشی بە کردنەوەی کۆنسووڵگەریی ئیتاڵیا لە هەولێر نیشان دا و، هیوای خواست پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لەهەموو بوارەکاندا پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
لە درێژەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی خستەڕوو و ڕایگەیاند، کە باری قورسی شەڕی داعش بەر گەلی كوردستان كەوتووە، بەڵام گەلی كوردستان خۆڕاگر بوو و پێشمەرگەیش ئەفسانەی داعشی شكاند و هێمایشی بەوەدا كە تیرۆر هەڕەشەیەكی جدییە و پێویستە جگە لە بەرەی سەربازی لە ڕووی فیکری و ئابوورییشەوە شەڕی تیرۆریستان بکرێت.
لەبارەی حەواندنەوەی ئاوارەكانیش (سەرۆك بارزانی) ئەوەی وەك شانازییەك بۆ گەلی كوردستان باس كرد كە فەزڵی ئەوەیش بۆ كولتووری پێكەوەژیان و ئاشتیخوازی و قبووڵكردنی بەرانبەر لەناو كوردستان دەگەڕێتەوە.
بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێتاڵیا تەوەرێكی تری ئەم كۆبوونەوەیە بوو.




