٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی: جیهان دەبێ پشتیوانی گەلی كوردستان بێت

سەرچاوە: KDP.info
دیداری نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك و شاندی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی.ئه‌مڕۆ.

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ دیداریاندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، سەرۆكی په‌رلەمانی عەرەبی و شاندی یاوەری جەختیان لە پاڵپشتیی خۆیان بۆ مافە ڕەواكانی گەلی كورد كردەوە و ڕایانگەیاند كە جیهان دەبێ پشتیوانی گەلی كوردستان بێت و وەك په‌رلەمانی عەرەبی ئامادەیی خۆیان نیشاندا كە هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان.

ڕۆژی دووشەممە 21ـی 12ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (ئەحمەد بن محەمەد ئەلجەروان) سەرۆكی په‌رلەمانی عەرەبی و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆكی په‌رلەمانی عەرەبی سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخشیوە و شەهید بوونە و پیرۆزبایی سەركەوتنە مەزنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشی لە (سەرۆك بارزانی) كرد لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ستاییشی  ڕۆڵ و قارەمانێتی و خەباتی گەلی كوردستانی كرد لە پاراستنی مرۆڤایەتیدا. هەروەها پێزانینیشی بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم هەبوو كە سەدانهەزار ئاوارەیان حەواندووەتەوە و بوونەتە پەناگەی لێقەوماوان و هاتنی خەڵك بۆ هەرێم لەبەر كەرامەت و مەزنیی و دڵفراوانیی خەڵكی كوردستانە.

سەرۆكی په‌رلەمانی عەرەبی و شاندی یاوەری جەختیان لە پاڵپشتیی خۆیان بۆ مافە ڕەواكانی گەلی كورد كردەوە و ڕایانگەیاند كە جیهان دەبێ پشتیوانی گەلی كوردستان بێت و وەك پارلەمانی عەرەبی ئامادەیی خۆیان نیشاندا كە هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵوێستی ئەوانی كرد و هەروەها دەستخۆشی لەو وڵاتانە كرد كە یارمەتییان پێشكەشی ئاوارەكان كردووە و ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕێكخراوەكانی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی دا كە لە كاتی تەنگانە و سەختدا یارمەتیی حكوومەتی هەرێمیان داوە بۆ هاوكاریكردنی پەنابەر و ئاوارەكان. (سەرۆك بارزانی) لەدرێژەی قسەكانیدا باسی لە وەحشیگەریی تیرۆریستان و هەروەها بارودۆخی بەرەكانی شەڕ كرد و پەیوەست بە ئاوارەكانیش (سەرۆك بارزانی) جەختی لەوە كردەوە كە چارەی بنەڕەتیی ئاوارەكان ئەوەیە كە ناوچەكانیان ئازاد بكرێت و بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و یارمەتی بدرێن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار