لەسەر داوای (مەسروور بارزانی)ـیە.. كۆمیتەی ئیمێرجنسیی بەریتانیا كۆبوونەوەیەكی نائاسایی دەبەستێ

لەندەن-kdp.info- لەسەر داواكارییەكی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی)، كۆمیتەی ئیمێرجنسیی حكوومەتی بەریتانیا "كوبرا" بە سەرۆكایەتیی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا (فلیپ هاموند) كۆبوونەوەیەكی نائاسایی و بەپەلە دەبەستێ و بڕیاری ناردنی پێداویستی و كەلوپەلی سەربازی بۆ كورد دەدات.
چەند سەعاتێك دوای گەیشتنی داواكاریی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی)، لە بەریتانیا بۆ هاوكاری و پشتیوانیی كورد لەو هەڕەشە گەورەیەی لە لایەن داعشەوە روبەڕووی بووەتەوە، كۆمیتەی ئیمێرجنسی حكوومەت" كوبرا" بە سەرۆكایەتیی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا (فلیپ هامۆند) كۆبوونەوەیەكی نائاسایی و بەپەلەی بەست و رەزامەندیی لەسەر ناردنی پێداویستی و كەلوپەلی سەربازی بۆ كورد نیشان دا تا لە ڕووبەڕووبونەوەكانیدا بتوانێ داعش تێك بشكێنێ.
لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی "گاردیانی" بەریتانیدا، وێڕای بە یادهێنانەوەی هەڵەكانی مێژوو لە دیاریكردنی سنوورەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، داوای هاوكاری و پشتیوانیی سەربازی لە بەریتانیا دەكات و دەڵێ، "بەریتانیا رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە دروستكردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا، ئێستایش كاتی ئەوە نییە بگوترێ ئەوە كێشەی ئێمە نییە." من دەمەوێ بە یادی بەریتانیا بهێنمەوە، ئێمە هێلماند یا بەسرا نین، ئێمە دۆستی ئێوەین."
هەروەها دەڵێ:" هەتا كەی كورد دەبێ باجی هەڵەكان بدات، كە لە رابردوودا كراون. ئێمە قوربانیی سایكسبیكۆین. پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگەچارەیەك بۆ كێشەی كورد بدۆزێتەوە."
لەبارەی داعشەوە ئاماژە بەوە دەكات، كە داعش رێكخراوێكە دان بە هیچ سنوورێكی یاسایی یا لێبووردەیی و فرەیی نانێت و بێجگە لە خۆی هەموو شتێكی دیكە رەت دەكاتەوە.
هەروەها رووی داواكارییەكەی لە خەڵكی بەریتانیا دەكات و دەڵێ، "رێگە مەدەن هیلاكی و بارگرانیی زیاتر لە دە ساڵەی شەڕ كار بكاتە سەر یارمەتیدانی گەلی كورد لەبەرامبەر ئەو هەڕەشە گەورەیەی ڕووبەڕووی كۆمەڵگەی كوردەواری بووەتەوە."
جێی باسە، دوای هەڕەشەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەسەر كوردستان و بەگەڕخستنی هەوڵەكانی سەركردایەتیی كوردستان بە گشتی و (مەسروور بارزانی) بە تایبەتی لەگەڵ نێوەندە جیهانییەكان و دەوڵەتانی بڕیارسازدا بۆ پەیداكردنی هاوكاری و پشتیوانی، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر بە خێرایی هاتنە دەنگ و پاراستنی كورد و كوردستانیان كردە ئەركی لەپێشی خۆیان و چەند سەرۆك و سەرۆكوەزیرانێكیش كۆ بوونەوە و پشووی فەرمیی خۆیان بڕی و دەستیان كرد بە لێكۆڵینەوە لە میكانیزمی چۆنیەتیی هاوكاری و پشتیوانیكردنی كوردستان لە بەرامبەر ئەو هەڕەشەیەدا.




