٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری

زێباری و باڵیۆزی ئوسترالیا پەیوەندییە دوولایەنەکان و دۆخی عێراقیان تاوتوێ کرد

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، پێشوازی لە گلێن مایڵز، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کرد و تێیدا پەیوەندییە دوولایەنەکان، پشتیوانیی ئوسترالیا بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق، و گرنگیی دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کران.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٩ی ١١ی ٢٠٢٦، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ناوەند، لە بارەگای ناوەندی سەرکردایەتی لە بەغدا، پێشوازی لە گلێن مایڵز، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا، پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئوسترالیا، و ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکارییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێ کران، تێیدا باڵیۆزی ئوسترالیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە، و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستووردا، بە جۆرێک کە ببێتە مایەی چەسپاندنی سەقامگیری و پشتگیریکردن لە ڕەوتی گەشەپێدان لە وڵاتدا.