نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە ئەردۆغان دەكات

هەولێر-KDP.INFO-(نێچیرڤان بارزانی)، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە (ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خۆی و گەل و كۆماری توركیا خواست. سەرۆككۆماری توركیایش سوپاسی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كورستانی كرد و دووپاتی كردەوە كە ئەوان خوازیاری برەودان و بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەكانی توركیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا.
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا و هەڵبژێردرانی (ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) وەك سەرۆككۆماری تازەی توركیا، شەوی ڕابردوو 10ـی ئابی 2014، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە (ئەردۆغان) كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خۆی و گەل و كۆماری توركیا خواست.
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان هەروەها هیوای خواست كە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆككۆمار لە لایەن گەلەوە ببێتە هۆی هەڵنانی هەنگاوی خێراتر لە لایەن توركیاوە بەرەو پێشكەوتنی زیاتر و كرانەوە و گۆڕانكاریی باشتر لە هەموو بوارەكاندا و پەیوەندییەكانی هەولێر و ئانكارایش لە قۆناخی تازەی توركیادا، لە هەموو ڕوویەكەوە بەرەوپێشچوونی زیاتر بە خۆیانەوە ببینن، هەروەها پرۆسەی ئاشتی و چارەكردنی پرسی كوردیش لە توركیا لە ژێر سەرۆكایەتیی (ئەردۆغان)ـدا بگاتە سەركەوتن.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆككۆماری توركیایش سوپاسی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كورستان (نێچیرڤان بارزانی) كرد و دووپاتی كردەوە كە ئەوان خوازیاری برەودان و بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەكانی توركیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا.




