بە دوو فڕۆکە هاوکاری دەگەیەنرێتە چیای شنگال

هەولێر-تایبەت بە KDP.info- سەرۆکی فڕاکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، یەکەم کاروانى پێداویستیى پەرلەمانى کوردستان و دەزگاى خێرخوازیى بارزانى لە فڕگەى نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بە دوو فڕۆکە و لە ڕێگاى پەڕەشووتەوە دەگەیەنرێتە ئاوارەکانى چیاى شنگال.
سەرۆکی فڕاکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان (ئومێد خۆشناو)، بۆ kdp.infoگوتی: "لە کۆبوونەوەى دوێنێى سەرۆک و نوێنەرى فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ سەرۆکى پەرلەمانى کوردستاندا چەند بریارێکى دران، یەکێک لەو بڕیارانە بەشداریکردنى پەرلەمانى کوردستان بوو لە کۆمەککردنى ئەو کەسانەى کە لەسەر زێدى خۆیان ئاوارە بوون لە دەڤەرى شنگال و زوممار، بۆیە ئەمڕۆ ئێوارە یەکەم کاروانى پێداویستیى پەرلەمانى کوردستان و دەزگاى خێرخوازیى بارزانى بە چاودێریى دەستەى مافى مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان لە فڕگەى نێودەوڵەتیی هەولێرەوە و بە دوو فڕۆکە لە رێگاى پەڕەشووتەوە دەگەیەنرێتە ئاوارەکانى چیاى شنگال کە هیچ هاوکاریەکیان پێناگات."
سەبارەت بە زانیارییەکانى پەرلەمانى کوردستان لەسەر ئاوارەکانى شنگال و بە تایبەتیش چیاى شنگال، سەرۆکی فڕاکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان گوتى: "بەداخەوە بەپێى ئەو زانیاریانەى کە دەستى ئێمە گەیشتوون، چەند کەسێک بە تایبەت ژن و منداڵ لەبەر بێنانى و بێئاوى، شەهید بوون."
لەبارەى هاوکارییەکانەوە (خۆشناو) گوتى: "هاوکارییەکان بریتین لە خواردن و ئاو و نان، خۆراکەکان خۆراکى لە قوتوونراون، ئەمە جگە لەوەى کە بۆ خواردن پێداویستىی لەپێشینەی ئێستایانە، پێویست بوو هەندێ کەرەستەى ترى تایبەت بە ناشتنى شەهیدەکانیشیان پێ بگات، بۆیە لە ناو پێداویستیەکانیش رەچاوى ئەوە کراوە، ئەوەش لەگەڵ کۆمەکەکان بە دەستیان دەگات."
سەبارەت بە بەهاناوە چووونى پەرلەمانى کوردستان بۆ ئاوارەکانى شنگال جگە لە هاوکارى و پێداویستى، چیترى لە بەرنامەدایە، سەرۆکی فڕاکسیۆنی زەرد گوتى: "لە زووترین کاتدا پەرلەمانى کوردستان کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەران و کۆنسووڵخانەکانی وڵاتانى بیانى دەکات و ئەو رەوشەیان تێدەگەیەنێت و، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستانیش راسپێردرا پەیوەندى بە سەرۆککۆمار و سەرۆکى پەرلەمانى عێراقەوە بکات و داوا بکات کە ئەو میزانییەى لە عێراق دانراوە، بەشى ئاوارەکانی هەرێمى کوردستانی لێ دیارى بکرێت."
فەرەیدوون ئیبراهیم




