حیزبى رزگارى کوردستان: پشتیوانی لە ریفراندۆم دەکەین

هەولێر-KDP.info- سکرتێرى گشتى حیزبى رزگارى کوردستان (رێکار ئەحمەد) رایدەگەیەنێت کە، خواستی سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی ریفراندۆم بە خواستی رەوا و دێرینەی نەتەوەکەمان دەزانین و بە تەواوی پشتیوانی لێ دەکەین، تێکڕای خەڵکی کوردستانیش بە تاسەوە باوەش بۆ ریفراندۆم دەکەنەوەو بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان چرکەژمێری دەکەن.
سکرتێرى گشتى حیزبى رزگارى کوردستان (رێکار ئەحمەد) تایبەت بە kdp.infoرایگەیاند کە "لە حیزبی رزگاریی کوردستاندا خواستی بەرێز (مەسعوود بارزانى) سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی ریفراندۆم بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی باشووری کوردستان، بە خواستی رەوا و دێرینەی نەتەوەکەمان دەزانین و بە تەواوی پشتیوانی لێدەکەین، هەروەها خوازیارین و دڵنیاین کە لە رێی بەڕێوەبردنی ریفراندۆمەوە گەلەکەمان بە سەربەخۆیی خۆی دەگات."
(ئەحمەد) گوتى: "جێی خۆشحاڵیمانە کە پەنا بۆ ریفراندۆم دەبردرێ و تێکڕای خەڵکی کوردستانیش بە تاسەوە باوەش بۆ ریفراندۆم دەکەنەوە و بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان چرکەژمێری دەکەن.
حیزبی رزگاریی کوردستان کرۆکی تێکۆشانی خۆی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی چڕ کردبۆوە، ئێستاش بە هەموو تواناێکەوە پشتیوانی لە هەڵوێستی بەرێز (مەسعوود بارزانى) سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەکەین کە نەخشەڕیی ئەو ئامانجەیان بۆ پەرلەمانی کوردستان هێناوەتە رۆژەڤەوە."
(رێکار ئەحمەد) گوتیشى: "زۆر گرینگ و پێویستە کە حکوومەت و پەرلەمان و هێزە سیاسییەکانی کوردستان هاودەنگ و هاوهەڵوێست بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکی کوردستان و باوەڕهێنان بە دۆستانی گەلەکەمان لە بواری سیاسی و دیپلۆماسی و مێدیاییدا پەلە لە زەمینەسازی بۆ بەڕێوەبردنی ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا بکەن. هەروەها ئەرکی تێکڕای رۆشنبیران و وڵاتپارێزانی کوردستانیشە کە بەرەو ئەو ئامانجە یەکگرتووانە تێبکۆشن."




