٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنوەری حاجی عوسمان: پێشمەرگە سەلماندی چەكی نەفرۆشتووە.. پلانی پێشڕەویی زیاترمان نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، "هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك پیشەی هەمیشەیی لە ئامادەباشیدایە و بە ورەی بەرزەوە لە سەنگەری بەرگری لە خاك و وڵاتدا دەمێنێتەوە". دەشڵێت، "دەمانەوێت سنوورەكانی خاكی كوردستان قاییم بكەین و پلانی پێشڕەویی زیاترمان نییە".گوتیشی، "هێزی پێشمەرگە ئەو 20 ڕۆژەی كە لە بەرەكانی شەڕدایە، هەموو ئەو پڕوپاگەندانەیشی بە درۆ خستەوە كە گوایە فیشەكەكانیان ڕزیوە و چەك دەفرۆشن."

بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (ئەنوەری حاجی عوسمان)، لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی و لە گوندی تەلوەرد و مەلا عەبدوڵڵای شاری كەركووكەوە، بە kdp.infoـی ڕاگەیاند، "بانگەوازی جەنابی (سەرۆك بارزانی) بۆ پێشمەرگە خانەنشینكراوەكانی كوردستان تا هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگە بكەن، هەنگاوێكی پیرۆزە و پێشمەرگە خانەنشیكراوەكانی سەرجەم حزبەكانیش لە رێگەی دەزگا حزبییەكانەوە رێك دەخرێن، پاشان بەو شێوەیەی سەركردایەتی بیەوێت لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا هەماهەنگی دەكات، بەڵام جارێ ئیشوكارەكانیان نەهاتووەتە لای ئێمە وەكو وەزارەتی پێشمەرگە، ئێمەیش وەكو وەزارەت پێویستمان بە هێزی یەدەگ نەبووە، چونكە تیرۆریستان لەوە بچووكترن تا ئێمە هێزی یەدەك داوا بكەین، بەڵام كە جەنابی سەرۆكیش داوای كردووە، ئێمە زۆر بە پیرۆز و باشی دەبینین و بێگومان بۆ هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگەیش سوودیان لێ وەردەگیرێت".

(ئەنوەری جاجی عوسمان) سەبارەت بە سندووقی هاوكاریی پێشمەرگەیش گوتی، "ئێمە وەك وەزارەتی پێشمەرگە نوێنەرمان لە لیژنەی سەرپەرشتیاری سندووقەكەدا هەیە و پێشبینییش دەكەم سەرمایەدار و دەوڵەمەندەكان و خەڵكی كوردستان بە گشتی لە كۆمەككردنی پێشمەرگەی كوردستان درێخی ناكەن، ئەگەرچی تا ئێستا كۆمەكی ئەو سندووقە نەگەیشتووەتە دەستی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام دڵنیام زۆر بە باشی رێك دەخرێت و بۆ پێداویستییەكانی لەشكری كوردستان بە كار دەهێندرێت".

گوتیشی، "هێزی پێشمەرگە ئەو 20 ڕۆژەی كە لە بەرەكانی شەڕدایە، هەموو ئەو پڕوپاگەندانەی بە درۆ خستەوە كە گوایە فیشەكەكانیان ڕزیوە و چەك دەفرۆشن، بەڵكوو هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك پیشەی هەمیشەیی لە ئامادەباشیدایە بە ورەی بەرز و بیر و بڕوای كورد و كوردستانیانەوە و هەردەم لە سەنگەری بەرگری لە خاك و وڵاتدا دەمێنێتەوە".

بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم، ڕوونیشی كردەوە كە دەیانەوێت سنوورەكانی خاكی كوردستان قاییم بكەن و پلانی پێشڕەویی زیاتریشیان نییە، هەروەها بەرنامەی وەزارەتی پێشمەرگەیش ئەوەیە كە فەرمانەكانی سەركردایەتیی سیاسیی كورد وەكو خۆی جێبەجێ دەكات و ئەو ناوچانەی كە ناویان لێ نرابوو كێشەلەسەر، ئێستا كێشەیان لەسەر نەماوە و گەڕاونەتەوە باوەشی هەرێمی كوردستان و دەپارێزرێن.

 (ئەنوەری حاجی عوسمان) هەروەها دەڵێت، "(سەرۆك بارزانی) لە سەردانەكەیدا بۆ كەركووك فەرمووی من لەگەڵ پێشمەرگە چەك هەڵدەگرم و دێمە سەنگەرەوە، ئەمە مانای ئەوە نییە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرامبەر تیرۆریستاندا پێویستی بە هێزی دیكە بێت، بەڵكوو ئەمە نیشانەی خۆشەویستیی جەنابی سەرۆك بوو بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان".

گوتیشی، "ئێمە وەكو وەزارەتی پێشمەرگە ناهێڵین هێزی پێشمەرگە گرفتی هەبێت، بەڵام ئەوە خەڵكی خۆشەویستی كوردستانە كە بەو گەرموگوڕییەوە لەگەڵ ئێمە دڵیان لە سەنگەرەكانی پێشەوەیە و هەر ێستا كە قسە بۆ ئێوە دەكەم زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كە پڕن لە كۆمەك و هاوكاریی خەڵكی خۆشەویستی كوردستان، گەیشتنە سەنگەرەكانی پێشمەرگە، هەر بۆیە بە ناوی وەزارەتی پێشمەرگەوە دەستخۆشیی زۆرمان بۆ خەڵكی خۆشەویستی كوردستان و كۆمەك و هاوكارییەكانیان هەیە و دڵنیایش بن لە ئاست ئەو خۆشەویستی و متمانەیەی ئەواندا دەبین بۆ پارێزگاریكردن لە بست بە بستی خاكی كوردستان".

هەواڵی پەیوەندیدار