٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

توركمانەكان پشتگیری لە گوتاری (سەرۆک بارزانی) دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-تایبەت بەKDP.info-  تورکمانەکانی کەرکووک پشتگیری لە گوتاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەن و هەریەک لە سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان و سەرۆكی لیستی پێشكەوتنی توركمان دەڵێن، "ئێمە وەکو تورکمانەکانی کەرکووک پشتیوانیی تەواو لە ماددەی140 و ئێمە لەگەڵ چوونی هێزی پێشمەرگەداین بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و پشتگیرییشیان لێ دەكەین، چونكە ئەمە خواستی خەڵكی ئەو ناوچانەیە."

 

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان لەکەرکووک(عیرفان کەرکووکی) بە kdp.infoی راگەیاند: "ھاتنی ھێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک بۆ بەرگریکردنە لە خەڵکی کەرکووک و ناوچەکانی دەروەی ھەرێمی کوردستان و ئێمە وەکو تورکمان خۆشحاڵین بە ھاتنی ھێزی پێشمەرگە لەبەردوو ھۆکار، یەکەمیان زامنی ئەمن و ئاسایشە و ھۆکاری دووەمیش سەروماڵمان دەپارێزێت لە تیرۆرستان."

عیرفان کەرکووکی گوتیشی: "بەپێی دەستوور کەرکووک خاکی ھەرێمی کوردستانە و کوردستانییە، بۆیە لەئێستادا ھێزی پێشمەرگە لەسەر خاکی خۆیان و ئومێدێکیان بە خەڵکی ناوچەکە بەخشی و توانییان ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان."

سەبارەت بە گوتاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کە باس لەوە دەکات ماددەی140جێبەجێ کراوە و چی دی بۆ باسکردن نییە، (عیرفان کەرکووکی) گوتی، "ئێمە پشتگیری لەو گوتارەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەین، چونکە حکوومەتی بەغدا ماوەی10ساڵە کات دەکوژێت و خۆی لە جێبەجێکردنی ماددەی 140دەدزێتەوە کە زۆرینەی خەڵکی عێراق دەنگیان بەو ماددەیە داوە."

 

لای خۆیەوە سەرۆكی لیستی پێشكەوتنی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان (مونا قەهوەچی)، بە kdp.infoـی راگەیاند، "ئێمە وەكو توركمان چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگای كەركووك بە پێویست دەزانین، چونكە ئەو هێزانە هاووڵاتیان بە بێ جیاوازی دەپارێزن و لە زۆرینەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم توركمانەكان پەیوەندییان بە ئێمەوە كردووە و داوای هێزی پێشمەرگەیان كردووە".

(قەهوەچی) گوتیشی، "ماوەی 10 ساڵە داوای جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەكرێت و جێبەجێ ناكرێت، بەڵام لە ئێستادا خۆی ماددەكە جێبەجێ بووە و خەڵكی ئەو ناوچانەیش داوا دەكەن هێزی پێشمەرگە جێگیر بكرێت".

ئەو گوتیشی كە هەندێك كەس و لایەن بە ناوی توركمانەوە قسە دەكەن و نیگەرانیی خۆیان لە بەرامبەر هێزی پێشمەرگە دەردەبڕن، ئەوان نوێنەری توركمان نین و بە ناوی توركمانەوە قسە دەكەن، چونكە "ئێمە وەك توركمانەكان لەگەڵ چوونی هێزی پێشمەرگەین بۆ ئەو ناوچانە و پشتگیرییشیان لێ دەكەین".

(قەهوەچی) نموونەیشی بەوە هێنایەوە كە لە هەرێمی كوردستاندا توركمانەكان زۆر بە ئارامی دەژین و هیچ جیاوازییەكیان پێ نەكراوە، بۆیە توركمانەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش داوای هێزی پێشمەرگە دەكەن.

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار