٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلا مەكی بۆ KDP: تا بەغدا ئیدارەی ناوچە كوردستانییەكان بكات كێشەكان بەردەوام دەبن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەركردەی ئیئتیلافی ھاوپەیمانیی نیشتیمانیی سوننە گوتی، تاوەكو بەغدا ئیدارەی ناوچە كوردستانییەكان بكات، كێشەكان بەردەوام دەبن و پێویستە بەغدا بۆ ئیدارەدانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانیش، سوود لە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان وەربگرێت.

د. عەلا مەكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی كوردستان لە ئیدارەدانی ھەرێمەكەدا سەركەوتنی گەورەی تۆمار كردووە، بەڵام بە پێچەوانەوە، بەغدا شكستی خواردووە لە ئیدارەدان، بۆیە ئەگەر بەغدا سوود لە ئەزموونی ئیدارەدانی ھەرێمی كوردستان وەربگرێت، لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراق بە گشتیدایە، بۆیە لە ناوچە كوردستانییەكانیش ئەگەر ھەرێمی كوردستان ئیدارەی بدات، سەركەوتوو دەبێت و ئەو كێشانەی ھەن نامێنن، بەڵام تاوەكو لە دەست عێراقدا بێت، سەركەوتوو نابێت".

مەكی گوتیشی: "سووتاندنی گەنمی جووتیاران لە ناوچە كوردستانییەكان، بۆ دروستكردنی پشێوییە و دەستێكی سیاسیی لە پشتە، بەڵام ئەگەر ئەمنییەت لە دەست ھەرێمدا بووایە، ئەو كێشانەی ئێستا هەن، روویان نەدەدا، چونكە دەزگا ئەمنییەكانی ھەرێمی كوردستان زۆر سەركەوتوون".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ئەو كێشانەی لەو ناوچانەدا ھەن، قابیلی چارەسەركردنن و پێشتریش لیژنەیەكی باڵا ھەبوو لە سەردەمی د. ئەیاد عەللاویدا، بۆیە دەكرێت ئێستاش لیژنەیەكی دیكەی باڵا دروست بكرێت و ئەو كێشانەی ھەن چارەسەر بكرێن و ناوچەكە بە ھاوبەشی بەڕێوە ببردرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار