وەزارەتی پێشمەرگە: هەوڵدەدرێ بۆ ناوچە کوردستانییەکان میکانیزمێکی ھاوبەش دابنرێت
__2019_05_25_h15m15s41__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، پەیوەندی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەیە و مانگی داھاتووش ھێزی ئەمەریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا خولێکی بواری ڕاگەیاندن بۆ ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە ھاوبەشی دەکاتەوە، کە ١٠ کەس لە ھێزی پێشمەرگە بەشداری لەو خولەدا دەکەن. ئاماژەیشی دا، ھەوڵ دەدرێت لە نێوان ھەرێم و بەغدا میکانیزمێکی ھاوبەش سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکان دابنرێت.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لیوا بەکر فەقێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەرنامەیەکی باش دارێژراوە بۆ ئەوەی لە لایەن ھاوپەیمانانەوە مەشق و ڕاھێنان بە ھێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت و لە بەغدا خولێکمان لە بواری ڕاگەیاندندا ھەیە، کە ١٠ کەسمان لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە ھاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق بەشداری لەو خولەدا دەکەن و خولەکەش ٣٠/٦ دەست پێ دەکات و ھێزی ئەمەریکا خولەکە دەکەنەوە."
لیوا بابەکر فەقێ گوتیشی: "ئێستا پەیوەندی و ھاوبەشی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەیە و باشە، بەڵام ئێمە خواستی زیاترمان ھەیە."
لیوا بابەکر باسی لەوەش کرد: "ھیچ شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە نەچووە بۆ بەغدا سەبارەت بە گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانەوە، بەڵام ھەوڵ دەدرێت میکانیزمێکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و بەغدا سەبارەت بەو ناوچانە دابنرێت، بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی هەن، چارەسەر بکرێن."
بڵند ئیبراھیم




