میرخان بۆ KDP: دانوستانهكان تەواو بوون.. لایەنەكان سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیانن

ھەولێر-KDP.info- پارتی و یەكێتی و گۆڕان، سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ دیاریكردنی كاندیدەكانیان بۆ پێكھێنانی كابینەی نۆیەم، ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتیش دەڵێت، دواجار سەرۆكی حكوومەتی ڕاسپێرداو لەگەڵ لایەنەكانی بەشدار لە كابینەی نوێدا تاوتوێی كاندیدەكان دەكەن و لەسەر ھەیكەلی حكوومەت پێكدێن.
٣٠ـی ئەیلوولی ٢٠١٨، لە ھەرێمی كوردستان ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نۆیهم ئەنجام درا و پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بە دەست ھێنا و دوای چەندین كۆبوونەوە لە نێوان ھەرسێ لایەنە سیاسییە سەرەكییەكەی ھەرێمی كوردستان، لێكتێگەیشتن دروست بوو و پێك ھاتن لەسەر ئەوەی ھەنگاوەكانی كۆتایی بۆ پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بھاوێژن.
پەیوەست بە هەنگاوەكانی لەمەودوای لایەنەكانی بەشدار لە كابینەی نوێدا، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاراس حەسۆ میرخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان دەنگ بە كاندیدی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەدرێ، سەرۆكی ھەرێمیش كاندیدی سەرۆكی كابینەی نوێ ڕادەسپێرێ بۆ پێكهێنانی كابینەكەی و ئەویش لەگەڵ لایەنە بەشداربووەكان جارێكی تر كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی كاندیدەكان".
میرخان گوتیشی: "لە ئێستادا ئەو لایەنانەی ڕێككەوتنیان كردووە وەك پارتی، یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ دیاریكردنی كاندیدەكانیان و كۆبوونەوە و دانوستانی نێوان لایەنەكان كۆتایی ھاتووە".
فایزە كۆیی




