وەزارەتی پەروەردە: ئامادەكاریی تەواو بۆ تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ كراوە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی، وەزارەتەكەیان ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئامادەكاریی تەواوی بۆ تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ كردووە و ھەفتەی داھاتووش یەكەم تاقیكردنەوە ئەنجام دەدرێت.
سامان سیوەیلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، كە دەكەوێتە ھەفتەی داھاتووەوە، یەكەم تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ئەنجام دەدرێت، كە ١١٢ هەزار و ٦٠٠ قوتابی بەشداری دەكەن و ئێمەش ئامادەكاریی تەواومان كردووە".
سیوەیلی گوتیشی، ئەمنیەتی ھۆڵ و كارەبا دابین كراون و چاودێر ھەیە و ماوەی سێ سەعات ئینتەرنێت دەبڕدرێت، بۆیە ئامادەكاری تەواو كراوە و ھیچ كێشەیەك نییە و تاوەكو دوای جەژنیش تاقیكردنەوەكان بەردەوام دەبن.
بڵند ئیبراھیم




