٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جووتیارانی كەركووك و خانەقین هانایان بۆ پەرلەمانی كوردستان هێناوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  جووتیارانی كەركووك و خانەقین هانایان بۆ پەرلەمانی كوردستان هێناوە. سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێ، یادداشتنامەی نوێنەری خەڵكی ئەو ناوچانەیان وەرگرتووە و ڕاپۆرتی خۆیان بۆ سەركردایەتی و حكوومەتی عێراق و كونسووڵخانەكان لە هەرێمی كوردستان بەرز دەكەنەوە، داواكاریشن هەرچی زووە سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانەی دەكرێنە سەر ماڵوحاڵی كورد دابنرێت و ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت.

جوان ڕۆژبەیانی، سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیاری كرد: "دەبێ بە زووترین كات ڕێگە بدرێت جووتیارانی كورد دروێنە بكەن، چونكە ئێستا وەرزی دروێنەیە و پاش ئەوە ناتوانن لێی سوودمەند بن، لەگەڵ ئەوەی شەوانە بە ئارەزووی خۆیان هاتوچۆ لە نێوان گوندی پەڵكانە و گوندەكانی دیكە قەدەغە دەكەن، ئەوەش بەس بۆ ئەوەیە گوندنشنیانی كورد پەیوەندییان لەگەڵ یەكدی نەمێنێت. وەكو لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان یادداشتنامەی نوێنەری خەڵكی ئەو ناوچانەمان وەرگرتووە و دیراسەی ڕەوشەكە دەكەین و ڕاپۆرتی خۆمان بۆ سەركردایەتی و حكوومەتی عێراق و كونسووڵخانەكان لە هەرێمی كوردستان بەرز دەكەینەوە، داواكارین هەرچی زووە سەركردەكان و حكوومەتی عێراق سنوورێك بۆ ئەو دەستدرێژییانەی دەكرێنە سەر ماڵوحاڵی كورد دابنێت."

سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت: "داوا دەكەین هەرچی زووە ماددەی 140ی دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێت و هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە، چونكە پاراستن و كەرامەتی ئەو ناوچانە لە دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندایە".

 

ڕابین شێروانی

 

هەواڵی پەیوەندیدار