شێخ جەعفەر: خەڵکی خانەقین تەحهممولیان نەماوە

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین دهڵێ، سوتاندنی زەوی کوردەکانی سنووری خانەقین بەردەوامە و تا ئەمڕۆ گەیشتۆتە نزیکەی ٧٠٠دۆنم، پێشی وانییە داعش بتوانێ ئەو کارە بکات، دهشڵێ، دەستی حەشدی شەعبی تێدایە و خەڵکی خانەقینیش چیتر تەحمولیان نەماوە و لە یاداشتێکدا داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکەن، چونکە جگە لە زیانی ماددی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر ٧٠شەھید و برینداری کورد لە ناوچەکە ھەیە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سوتاندنی گەنمی جوتیاران بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ گەیشتۆتە ٧٠٠دۆنم زەوی و، ئەوەیشی ماوە بسوتێندرێت ھێشتا تەڕە، ئەگەرنا ئەوەش دەسوتێنن، چونکە تەنیا لە جەلەولا ١٥٠دۆنم سوتێندراوە".
ناوبراو گوتیشی: "خەڵکی خانەقین چیتر تەحهممولی ئەو دۆخە ناکەن و لە یاداشتێکدا داوا دەکەن بە زووترین کات پێشمەرگە بگەڕێتەوە، چونکە بڕوا ناکەم ئەمە داعش بیکات و ئەمە حەشدی شەعبییە ئەوکارە دەکات، لەبەر ئەوەی ھەرچی داعشە بۆتە چەکداری حەشدی شەعبی و لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر تا ئێستا نزیکەی ٧٠کەس شەھید و برینداربوون لە خانەقین".
باسی لەوەشکرد، "بڕیارە شاندێک لەبەغداوە بێت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان، بەڵام پێویستە ئەو کێشەیە بەھەند وەربگیرێت و چارەسەر بکرێت و ناکرێت بەوشێوەیە بەردەوام بێت.
بڵند ئیبراھیم




