"دۆخی ئێستا پێویستی بەوە ھەیە پەلە لەپێکھێنانی حکوومەتی نوێ بکرێت"
__2019_05_20_h16m8s34__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێت، پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێ و چیتر دوا نەخرێت، چونکە زۆربەی کێشەکانی ھەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر کابینەی نوێ ماون، بۆیە دۆخی ئێستا پێویستی بەوە ھەیە حکوومەتی نوێ پێک بهێنرێت.
ناسح غەفوور، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێش ئەوەی حکوومەت پێک بێت، پێویستە سەرۆکی ھەرێم سوێندی یاسایی بخوات، کە پێنج کەس کاندیدن و دوای سوێندخواردنی سەرۆکی ھەرێم، پێویستە ڕاستەوخۆ سەرۆکی حکوومەت ڕاسپێردرێت و زیاتر دوا نەخرێت، چونکە نەک تەنیا بۆ ناوخۆ، بەڵکو بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بۆ ھەرێم باشترە، چونکە ڕۆژانە لە ناوچە کوردستانییەکان کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێت."
ناسح غەفوور گوتی: "ئەگەر حکوومەت لە کاتێکی زوودا پێک بێت، دەتوانێ زۆر کێشە چارەسەر بکات، چونکە زۆربەی کێشەکان پەیوەستن بە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستانەوە."
غەفوور باسی لەوەش کرد: "پێویستە چیتر لەسەر ھیچ لایەنێک حکوومەت دوا نەکەوێت و ھەر لایەنێکیش ئامادە نەبێت کە ئێستا وەزیری خۆی دیاری بکات، پێویستە حکوومەت پێک بێت و دوایی لایەنەکان وەزیر بۆ خۆیان دەستنیشان بکەن، چونکە دۆخی ئێستا پێویستی بەوە ھەیە کابینەی نۆیەم بەزوویی پێک بێت."
بڵند ئیبراھیم




