عەرەبی ھاوردە گەنمی جووتیارانی كورد دروێنە دەكەن.. سەرۆك بارزانی ھاتووەتە سەر هێڵ

كەركووك-KDP.info- بەرپرسی میحوەری ھێزی پێشمەرگە لە كەركووك _ پردێ گوتی، عەرەبە ھاوردەكان جگە لە داگیركردنی زەویی كوردەكان، ئێستا دەستیان بە دروێنەی گەنمی جووتیاران كردووە و سەرۆك بارزانییش بە جیددی ھاتووەتە سەر هێڵ و كێشەكە بە تەواوی چارەسەر دەكات.
نووری حەمەعەلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھەر كاتێك عەرەب دەستەڵاتی ھەبووبێت، تەعریبی كردووە و بەردەوامیشن، ئێستاش لە سنووری كەركووك چونكە دەستەڵاتیان ھەیە، دوای داگیركردنی زەوییەكان، ھەنگاوێكی دیكەیان ناوە، كە ئەویش دروێنەی گەنمی جووتیارانی كوردە".
حەمەعەلی گوتیشی: "چەندین حیزبی كوردی لە كەركووك ھەن، كە ھیچیان بۆ ئەو جووتیارانە نەكردووە، بۆیە ھانایان بۆ سەرۆك بارزانی ھێناوە و سەرۆك بارزانییش بە جیددی لەسەر هێڵە و ناوەستێت تاوەكو لەگەڵ حكومەتی عێراقدا كێشەكە بە تەواوی چارەسەر نەكات، چونكە ئەو كێشەیە پێویستە لە ڕووی یاسایی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە چارسەر بكرێت".
دەشڵێ: "بە ھیچ شێوەیەك ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان قبووڵ ناكەین زەویی كوردەكان داگیر بكرێت و رێگری لێ دەكەین".
بڵند ئیبراھیم




