داهاتی پێدانی ژماره‌ی ئۆ‌تۆمبیل لە هه‌ڵه‌بجه بۆ پڕۆژه‌كانی پارێزگاكه ته‌رخان ده‌كرێته‌وه

هەڵەبجە-KDP.info- حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داهاتی فرۆشتنی ژماره‌ی ئۆ‌تۆمبیل لە پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بۆ په‌ره‌پێدان و ته‌واوكردنی پڕۆژه ستراتێژییه‌كانی پارێزگاكه ته‌رخان ده‌كاته‌وه.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێم و پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی هاتوچۆی كوردستان ڕاسپارده‌یه‌كیان به‌رز كردووه‌ته‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، كه له (ژماره 1 بۆ ژماره 10000)، كه ژماره‌ی نایابن، بخرێنه موزایده‌وە، و داهاته‌كه‌ی بۆ هه‌ڵه‌بجه خەرج بكرێته‌وه.
له‌وبارەیە‌وه كاوه عه‌لی، جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "له وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی هاتوچۆی كوردستان كۆ بووینه‌وه و، بڕیار درا ژماره پێدانی ئۆ‌تۆمبیل، له(ژماره 1 بۆ ژماره 10000) بخرێته موزایده‌وه و داهاته‌كه‌ی بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بێت، ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش ڕه‌زامه‌ندییان له‌سه‌ری دا و به‌رز كرایه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران".
كاوه عه‌لی گوتیشی: "جارێ كاتی دروستكردن و پێدانی ژمارەی ئۆ‌تۆمبیل له هه‌ڵه‌بجه دیاری نه‌كراوه، ئه‌وه‌ی هه‌یه پڕۆژه‌كه دراوه‌ته كۆمپانیایه‌ك، پاش ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه فه‌رمییه‌كانی پێدانی ژماره‌ی ئۆ‌تۆمبیلی هه‌ڵه‌بجه ته‌واو بوو، ئه‌وه كۆمپانیاكه به هه‌ماهه‌نگیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆ ده‌ست ده‌كەن به كاره‌كانیان كه له (ژمارە ١ بۆ ژمارە ١٠٠٠٠)، پێدانی ژماره‌ی ئۆ‌تۆمبیل ده‌ست پێ ده‌كات". داهاتی ژماره نایابه‌كانی ئۆ‌تۆمبیلی هه‌ڵه‌بجه بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه گرنگه‌كانی شاره‌كه دابین ده‌كرێت و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ڕه‌زامه‌نده.
جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه گوتی: "له سه‌ره‌تای پێدانی ژماره‌ی ئۆ‌تۆمبیل له (ژمارە ١ بۆ ژمارە ١٠٠٠٠) ده‌ست پێ ده‌كات، ژماره (1 بۆ 10000) ده‌خرێته موزایده‌وە، داهاته‌كه‌یشی ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر دراوه بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كانی هه‌ڵه‌بجه خەرج بكرێت".
كاوه عه‌لی گوتیشی: "هیچ ژماره‌یه‌كی ئۆ‌تۆمبیلی هه‌ڵه‌بجه نابه‌خشرێت به كه‌س و ته‌واوی ژماره‌کانی ئۆ‌تۆمبیل له ڕێگه‌ی مامه‌ڵه‌ی فه‌رمییەوە به‌و پاره‌یه ده‌فرۆشرێت کە له لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌وه دیاری ده‌كرێت."
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: "وه‌زاره‌تی ناوخۆ دوو لیژنه دروست ده‌كات بۆ خه‌مڵاندن و فرۆشتنی ژمارەکان، تا ئێستا هیچ داواكارییەكی دیاریش نه‌هاتووه بۆ كڕینی ژماره تایبه‌ته‌كان".
دانیشتووانی هه‌ڵه‌بجه پێك هاتوون له 111هه‌زار هاووڵاتی و، كه‌مینه‌یه‌كی ئایینیی كاكه‌ییشی تێدا ده‌ژی. ڕۆژی (13-3-2014) له لایه‌ن سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی واژۆ له‌سه‌ر به‌پارێزگابوونی شاره‌كه كرا و، (2-5-2015) له لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه له هۆڵی مۆنه‌مێنتی شاره‌كه پڕۆژه‌یاسای به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه په‌سه‌ند كرا و كرایه چواره‌م پارێزگای هه‌رێمی كوردستان، پاشان سه‌رۆكی كوردستان، سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی، مه‌ڕسوومی سه‌رۆكایه‌تیی به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ی ئیمزا كرد.
عه‌زیز هه‌ورامی




