دەستەی ژینگە: دەمانەوێ رێژەی سەوزایی بۆ ٢٥% بەرز بكەینەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی ژینگە گوتی، لە ھەرێمی كوردستان چەندین ھۆكار ھەن دەبنە ھۆی پیسبوونی ژینگە، بۆیە دەمانەوێت ئەو ھۆكارانە نەمێنن و رێژەی سەوزاییش بۆ ٢٥%ی ستانداردی جیھانی بەرز بكەینەوە.
د. ھەڵۆ عەسكەری، سەرۆكی دەستەی ژینگەی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "داوامان كردووە كە لە ھەولێر كۆمپانیای زبڵ و خاشاك دابنرێت و ئەو زبڵ و خاشاكەی كۆ دەكرێتەوە، ببرێت بۆ ئەو كۆمپانیایە و لەوێ سوودی لێ وەربگیرێت، ئێستاش حكوومەت لە ھەوڵی دابینكردنی ئەو كۆمپانیایەدایە، بەمەش كێشەیەكی گەورە چارەسەر دەبێت".
عەسكەری گوتیشی: "چەند ھۆكارێك دەبنە ھۆی ئەوەی ژینگەی شارەكان پیس بێت، لەوانە پاڵاوگە نایاساییەكان و بوونی ئۆتۆمبێلێكی زۆر لەناو شار، بۆیە دەمانەوێت چوونی ئۆتۆمبێل بۆ ناو شار سنووردار بكرێت و مۆلیدەكانیش بگۆڕدرێن بە هی مۆدێرن و بێدەنگ و بێ دووكەڵ، كە ئەمانە وادەكەن ژینگەی شارەكان زۆر باشتر بێت".
ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد: "لەئێستادا رێژەی سەوزایی لە ھەرێمی كوردستان نزیكەی ١٥%ـە و دەمانەوێت بیگەیەنینە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی كە ٢٥%ـە، چونكە ئەوكات ژینەگەی ھەرێمی كوردستان زۆر پاك و باش دەبێت لەبەر ئەوەی بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی پێویستە ئاستی رێژەی سەوزایی لە ١٥ بۆ ٢٥% بێت، بەڵام پێشتر كێشەی ئاومان ھەبوو و ئێستا ئەویش چارەسەر كراوە".
دەشڵێ، لە پێناو باشتركردنی ژینگەی ھەرێمی كوردستاندا، پڕۆژەیان ھەیە و پێشكەشی حكوومەتی دەكەن بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت.
بڵند ئیبراھیم




