٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. دیندار زێباری: حکوومەتی ھەرێم دەرگای بە ڕووی دەیان ھەزار ئاوارەی عەرەب و مەسیحی و نەتەوەکانی تردا کردووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، حکوومەتی ھەرێم بە یاسا ھەموو چەشنە جیاکارییەکی لەسەر بناغەی نەژاد، ڕەنگ، ڕەگەز، زمان، پێگەی کۆمەڵایەتی وڵاتنامە، بنەچە، ئایین، بیروباوەڕ، ھزر، تەمەن، باری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، یان کەمئەندامی قەدەغە کردووە. ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی ھەموو دەرگاکانی ھەرێمی واڵا کردووە و تا ئێستا بە دەیان ھەزار خێزانی مەسیحی، ئێزدی، تورکمان و عەرەب لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی دەژین.

 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی ھەرێمی کوردستان ئاماری کۆتاییی ڕزگاربووانی دەستی داعشی تا ٤ی ئاداری ٢٠١٩ بڵاو کردووەتەوە، کە ٣٣٧١ کەس لەو ڕفێندراواانەی لە دەستی داعش ڕزگار کراون، بریتین لە ١١٦٥ ئافرەت، ٣٣٧  پیاو، ٩٦٧ منداڵی کچ و ٨٩٣ منداڵی کوڕ.

 

ڕەشنووسی دەستووری ھەرێمی کوردستان بە ڕوونی مافی پێکھاتەکانی تێدا پارێزراوە. وەک لە ماددەی (٦)ی ڕەشنووسی دەستوری ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، گەلی ھەرێمی کوردستان پێک ھاتووە لە کورد، تورکمان، عەرەب، کلدان، سریان، ئاشووری، ئەرمەن و ھاووڵاتییانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، واتە پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە، وەک کەمایەتی سەیر نەکراون، بەڵکو بە پێکھاتەی کۆمەڵگای کوردستانی دانراون، ھەروەھا لە ماددەی (١٢٤)ی ڕەشنووسەکەدا ھاتووە کە ناکرێ ئەحکامی ئایینێکی دیاریکراو بەسەر پەیڕەوانی ئایینێکی دیکەدا بسەپێنرێت و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکەی ناموسڵمان، وەک کریستیان و ئێزدی، بۆیان ھەیە ئەنجومەنی ڕۆحانیی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن و پەیڕەوی حوکمی تایبەت بە خۆیان بکەن لە بابەتی باری کەسی، کە ئەمەش بە یاسایەک دیاری دەکرێت و لە لایەن دادگای باری کەسییەوە سەیر دەکرێت.

 

پەیوەست بەمە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی ھەرێم لەبارەی کەمایەتییە ئاینییەکانەوە دەڵێت: "حکوومەتی ھەرێم بە یاسا ھەموو چەشنە جیاکارییەکی لە بناغەی نەژاد، ڕەنگ، ڕەگەز، زمان، پێگەی کۆمەڵایەتی، وڵاتینامە، بنەچە، ئایین، بیروباوەڕ، ھزر، تەمەن، باری ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، یان کەمئەندامی قەدەغە کردووە. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی ھەموو دەرگاکانی ھەرێمی واڵا کردووە و تا ئێستا بە دەیان ھەزار خێزانی مەسیحی، ئێزدی، تورکمان و عەرەب لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ پاراستنی گیانی خۆیان ڕوویان لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە و حکوومەتی ھەرێمیش بەپێی توانا ھەموو ئاسانکارییەکی بۆ کردوون و ئێستاش وەکو ھەموو ھاووڵاتییەکی دیکەی کوردستان ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بەبێ ھیچ فشارێک دەبەنەسەر."

 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی ھەرێم لەبارەی کەمایەتییە ئاینییەکانەوە دەشڵێت: "حکوومەتی ھەرێم ھەموو ھەوڵ و توانای خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ھاوکاریکردنی ئەو کەمایەتییانەی کە بەھۆی ھێرشەکانی داعشەوە لە عێراق زیانیان بەرکەوتووە. بۆ نموونە، دوای داگیرکردنی شنگال ٦٢٨٤ ھاووڵاتیی کوردی ئێزدی لە لایەن داعشەوە ڕفێندران، لەوانە ٣٤٦٧ مێ و ٢٨١٧ نێر، حکوومەتی ھەرێم ھەوڵەکانی خۆی چڕ کردەوە بۆ ڕزگارکردنیان، لە ڕێکەوتی ٢٥ی ١١ی ٢٠١٤ لیژنەیەکی دامەزراند بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە کەیسی ئافرەتە ئێزدییە ڕفێندراوەکان و بودجەیەکی تایبەتی تەرخان کردووە بۆ ئازادکردنیان، بۆ ئەم مەبەستەش بڕێک پارەی بۆ ئەو کەسانە تەرخان کردووە کە ھەر ئافرەتێک ئازاد دەکەن، یان بە زانیاری یارمەتیی ئازادکردنیان بدەن. دوای گەڕانەوەشیان حکوومەت ھەموو ئامادەکارییەک دەکات بۆ حەواندنەوەیان و دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگا و دەستپێکردنەوەی ژیانێکی ئاسایی.

 

بە ھەوڵەکانی حکوومەت تا ڕێکەوتی ٤ی ئاداری ٢٠١٩،  ٣٣٧١ کەس، لەوانە ١١٦٥ ئافرەت و ٣٣٧ پیاو، ٩٦٧ منداڵی کچ و٨٩٣ منداڵی کوڕ لە دەستی داعش ڕزگار کراون و ھەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەی لە دەست داعش ماون، ھەروەھا بە ھاوکاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناحکوومیەکان کار دەکات بۆ ڕزگارکردنی ئەو ئافرەت و منداڵانەی کە تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە.

 

دکتۆر دیندار زێباری ڕایگەیاند: "پێکهاتە ئاینییەکانی کوردستان بە ئازادی یادی جەژن و بۆنەکانیان دەکەن و یادەکانیان بە جەژنی ڕسمی و پشوو دادەنرێت لە ھەرێم، وەک جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح و جەژنی چوارشەممەی سووری ئێزدییەکان و چەندین جەژن و بۆنەی دیکە، ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری بۆ تورکمان و سریانی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری ھەیە، بارەگای ئەم دوو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە لە ھەولێرە و بەڕێوەبەرایەتیی سریانی لە دھۆک ھەیە، ھەروەھا بە دەیان قوتابخانە ھەیە کە خوێندن تێیدا بە زمانی سریانییە، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە کریستیانی زۆرە، وەک ھەولێر/ عەنکاوە، شەقڵاوە، کۆیە، دیانا، ھاودیان و ھەرمۆتە لە کۆیە، ھەروەھا لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم وەک حەمدانییە، بەرتلە، تلکێف، قەرەقۆش، کرملیس، ئەلقۆش. لە لایەکی دیکەوە دەستەیەکی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دھۆک سەرپەرشتیی خوێندنی ئایینی ئێزدی دەکات، کە زۆربەیان لە سنووری شاری دھۆک و زیاتریش لە شاری مووسڵن."

پەیوەست، بە لایەنی کەلتووری، حکوومەتی ھەرێم پاڵپشتی داراییی ژمارەیەک ناوەندی ڕۆشنبیری، تیپی ھونەریی تورکمانی، کلدانی، ئاشووری، ئێزدی، لە لایەن وەزارەتەوە کراوە، لە ڕێگای ھاریکاریکردنیان و گرنگیدان بە دابونەریت و کەلەپووری دێرینیان، وەک دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی مۆزەخانەی سریانی و چاپکردنی سەدان کتێب بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، سریانی، تورکمانی.


ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی ھەرێم ڕاشیگەیاند: "ئەگەرچی زۆرێک لە کەمایەتییەکان ناوچەکانیان ڕزگار کراوە، بەڵام ناگەڕێنەوە بۆ شار و شارۆچکەکانی خۆیان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئەمنی و پارێزراوبوونی ژیانی کەمایەتییە ئاینییەکانی ھەرێمی کوردستان. لە شنگال پاش ھاتنی حەشدی شەعبی و ھەروەھا بوونی پەکەکە و دروستبوونی شەڕ و پێکدادان لەو ناوچەیە، نزیکەی ٨٠٠ خێزان گەڕاونەتەوە کەمپەکانی دھۆک. ئەوەی شایانی باسە ئەوەیە کەمپەکان لە لایەن پۆلیس و ئاسایشەوە پارێزراون و تا ئێستا ھیچ مەترسییەک لەسەر ژیانی ئاوارەکان و کەمایەتییەکان نییە. سەبارەت بە شێوازی مامەڵە کردنی ھێزەکانی پێشمەرگە پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە ھیچ مامەڵەی خراپ لەگەڵ کەمایەتییە ئایینییەکان نەکراوە و بە ھیچ شێوەیەک ماڵ و خانووی کەس نەڕووخێندراوە و تاڵان نەکراوە. ھەروەھا داوا لە ئێزدییەکان نە کراوە کە وەکو کورد خۆیان بناسێنن، ھەروەھا ھیچکات ناچار نەکراون بە زۆر پشتگیری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن."

فائیزە

هەواڵی پەیوەندیدار