ئاگرین عەبدوڵڵا: داوای پارەمان بۆ تەواوكردنی ١٠ ھەزار شوقە كردووە

هەولێر-KDP.info- ماوەی چەند ساڵێكە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەستی بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون كردووە بۆ خەڵكی كەمدەرامەت، بەرپرسێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنیش دەڵێ، داوای دابینكردنی پارەیان بۆ تەواوكردنی نزیكەی ١٠ ھەزار شوقە كردووە.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ كاروباری نیشتەجێبوون، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێش ھاتنی قەیرانی دارایی، بەپێی یاسا لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەوە دەست بە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون كرا و لەو چوارچێوەیەدا دەست بە دروستكردنی نۆ ھەزار و ٤٢٠ شوقە كرا، تا بەسەر خەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشیندا دابەش بكرێن".
بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دەشڵێت: "دوای دەستپێكردنی قەیرانی دارایی، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا خانوو یان شوقە بۆ خانەوادەی سەربەزی شەھیدانی شەڕی داعش دابین بكرێت، لەبەر ئەوەش بەشێك لەو یەكانەی وەزارەت بەسەر كەسوكاری سەربەرزی شەھیداندا دابەش دەكرێن".
ئاگرین عەبدوڵڵا ئاشكراشی كرد: "كاركردن لە تەواوكردنی ئەو یەكانەی وەزارەت وەستاوە بە ھۆی قەیرانی دارایی و تەنیا لە ھەندێ شوێن كاركردن بەردەوامە، ئەویش ژمارەیەكی زۆر كەمە، ئێمە ئومێدمان وایە و داواشمان كردووە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پارە تەرخان بكات بۆ تەواوكردنی ئەو شوقانە، كە ھەموو ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە".
قائید میرۆ




